Home » هەواڵ » کوردستانی » دەقی پڕۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی
سلێمانی

دەقی پڕۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی

ئەمڕۆ شەشی ئەیلوول، لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی “پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانی” راگەیەندرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەیار عومەر سەرپەرشتیاری دەستەی بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا پوختەی پرۆژەکەی ئاشکرا کرد.

پڕۆژەی بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی:

دیباجەبەپشت بەستن دەستوری هەمیشەیی عێراق، بە پابەندبونمان بە (یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتی عێراقی و یاسا نێودەوڵەتیەکان)ەوە، پرۆژەی بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی کە لە لایەن دەستەیەک لە خەڵکی پارێزگاکەوە نوسراوە، بەیان ئەکەین.

بە درێژایی مێژوو، خەڵکی ئێمە دژی حوکمدارێتی بێگانە و ناعەدالەتی و زوڵم و پەراوێزخستن بوە، خەباتیان بۆ ئازادی و مافی خۆ بەڕێوەبردن و سەربەخۆیی کردوە. ئەمڕۆش بۆ گەڕاندنەوەی بەهاو خەسڵەتە بنەڕەتیەکانی خۆیان دێنە مەیدان، بۆ وێنەکردنی نەخشەی ئایندەی سیستەمی سیاسی و حوکمداری خۆیان خەبات ئەکەن.

بۆ قۆناغێکی ڕاگوزەر، بەم پڕۆژەیە خەڵکی پارێزگای سلێمانی لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵدا، هەوڵی یەکخستن و ڕێکخستنی جیاوازییەکان و سەربەخۆیی هەرێمەکەی ئەدا، تا لە ڕاپرسییەکی گشتیدا، دەستوری شەرعی هەمیشەیی پەسەند ئەکات. هەر بە پێی ئەو دەستورەش ڕێکارەکانی دروستکردن و ڕێکخستنی کارەکانی ژیانی دیموکراسی، سیاسی، ئابوری، و کۆمەڵایەتی بۆ هەرێمی پارێزگای سلێمانی دەنوسرێ و دیاری ئەکرێت.

دەروازەی یەکەم

(پرەنسیپە گشتییەکان)

بەندی یەک:

أ ـ ناوی پڕۆژەکە ( پڕۆژەی بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی )یە.

ب ـ دیباجەکە بەشێکە لە پڕۆژەکە و دانەبڕاوە.

بەندی دوو:

أ ـ تا دەستورێکی هەمیشەیی بۆ هەرێمی پارێزگای سلێمانی بە ڕێکاری یاسایی ئەنوسرێتەوە و لە لایەن زۆرینەی دەنگدەرانەوە پەسەند ئەکرێت، ئەم دام و دەزگایانەی پارێزگار، ئەنجومەنی پارێزگا، ئیدارە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، لە دەڤەرەکە کاری خۆیان ئەکەن.

ب ـ دوای وەرگرتنی بڕیاری ڕەزامەندی دادگای فیدڕاڵی عێراق، ڕاستەوخۆ کار بەم پڕۆژەیە ئەکرێت.

بەندی سێ:

أ ـ سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی پارێزگای سلێمانی دیموکراسی و فرەیی ئەبێت، دەسەڵاتەکان لە نێوان یەکە ئیدارییەکان (قەزا، ناحیە، گوند) ەکاندا، لەسەر بنەمای مێژوە و جوگرافیا دابەش ئەکرێت. مافی  دیاریکردنی چارەنوسی هەرێمەکە بۆ ئایندەی عێراق و کوردستان لە دەستوردا جێگیردەکرێت.

بەندی چوار:

هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا، تا چاککردن و ڕێکخستنەوەی لە ژێر دەسەڵاتی مەدەنی پارێزگاردا ئەبێت.

بەندی پێنج:

تا نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی هەرێمی پارێزگای سلێمانی، دادگاکان سەربەخۆ ئەبن، کار بە یاسا بەرکارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەکەن.

بەندی شەش:

هەرێمی پارێزگای سلێمانی ئاڵای خۆی و سرودی خۆی ئەبێت و بە یاسا ڕێکدەخرێت.

بەندی حەوت:

زمانی کوردی، زمانی ڕەسمی هەرێمی پارێزگای سلێمانی ئەبێت، هەر خێزانێک مافی پەروەردە کردن و فێرکردنی نەوەکانی خۆی بە زمان و زاراوەی جیاواز، بە پێی ڕێکارە پەروەردەییەکان هەیە.

بەندی هەشت:

هەمو ئەو نوسراو و دۆکیۆمێنتە ڕەسمیانەی عێراق و هەرێمی کوردستان دانپیانراو ئەبن.

دەروازەی دووەم

(مافە بنەڕەتیەکان)

بەندی نۆ:

مافی هاوڵاتیبون لەسەر بنەمای بونی ڕەگەزنامەی باوەڕپێکراوی پارێزگاکە پارێزراو ئەبێت، ئەرکی هاوڵاتیانیش بە یاسا و لەسەر ئەو بنەمایە دیاری ئەکرێت.

بەندی دە:

هاوڵاتیان لە مافەکانیاندا و لەبەردەم یاسادا یەکسانن. هەمو جیاوازییەکی ( نەتەوە، ئاین، ڕەگەز، و جێندەری) ڕەتکراوەیە.

بەندی یانزە:

سەربەستییە تایبەتی و گشتییەکان، لە دەربڕینی بیروباوەڕی ئاینی و ویژدانی، بیرو بیرکردنەوە، پارێزراوە.

بەندی دوانزە:

مافی کۆڕ و کۆبونەوە و خۆپیشاندان  پارێزراوە.

بەندی سیانزە:

پێکهێنانی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و کۆمەڵی مەدەنی، بە پێی ڕێکارە یاساییەکانی عێراق پارێزراوە.

بەندی چواردە:

موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت پارێزراو ئەبێت، هەمو جۆرێکی هەڵکوتانە سەر ماڵان لە لایەن دەزگا حکومی و ئەمنی و حیزبییەکانەوە قەدەغە کراوە.

بەندی پانزە:

هیچ کەس بە بێ فەرمانی دادگا ڕاناگیرێ و زیندانی ناکرێت، ڕاوەدونان و گرتن بە هۆکاری بیروڕای سیاسی و ئاینی قەدەغەیە.

دەروازەی سێ یەم

(دەسەڵاتی جێبەجێکردن، حکومەتی ڕاگوزەر )

بەندی شانزە:

حکومەتی ڕاگوزەر پێکدێ لە:

أ ـ پارێزگار و جێگرەکانی، ئەکرێت ئەنجومەنی جێبەجێکردن بە سەرۆکایەتی پارێزگار دروست بکەن.

ب ـ ئەنجومەنی پارێزگا.

ج ـ بەڕێوەبەرە گشتییەکان، قایمقامەکان، بەڕێوەبەری ناحیەکان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی (لە ئەنجومەنی پارێزگا بە دەنگدان متمانەیان پێ ئەدرێ).

د ـ دادگا و دەسەڵاتی داوەری.

بەندی حەڤدە:

هەر سێ دەسەڵاتەکە سەربەخۆ ئەبن و لە یەکتری جیاکراوە ئەبن.

بەندی هەژدە:

هیچ بەرپرسێکی حیزبی و حکومی و هیچ هاوڵاتییەک بۆ کاری جینائی پارێزبەندی نیە.

بەندی نۆزدە:

حکومەتی ڕاگوزەر نەخشەی سیاسەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی پارێزگای سلێمانی دائەڕێژێت و گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمەکانی تری عێراق و کوردستان ئەکات.

بەندی بیست:

حکومەتی ڕاگوزەر نەخشەی سیاسەتی ئابوری، بازرگانی و ئەمنی بۆ هەرێمی پارێزگای سلێمانی دائەڕێژێت.

بەندی بیست و یەک:

حکومەتی ڕاگوزەر ئەرکی ڕێکخستنەوە و بە نیشتیمانیکردن و بە نیزامیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و پارێزگاریکردنی هەرێمی پارێزگای سلێمانی لە ئەستۆ ئەگرێت.

بەندی بیست و دو:

حکومەتی ڕاگوزەر سیاسەتی دارایی، ڕێکخستنەوەی گومرگ، بازرگانی نێوان هەرێمی پارێزگای سلێمانی و هەرێم و پارێزگاکانی تری عێراق و سنورەکان دائەڕێژێت.

بەندی بیست و سێ:

حکومەتی ڕاگوزەر، میزانییەی گشتی هەرێمی پارێزگای سلێمانی دائەنێت و کار بۆ بوژاندنەوەی سیستەمی بانکی ئەکات. کار بۆ گەشەکردنی ژێرخانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار ئەکات.

بەندی بیست و چوار:

حکومەتی ڕاگوزەر، کرێی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕێکدەخاتەوە.

بەندی بیست و پێنج:

حکومەتی ڕاگوزەر، ئیدارەی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی پارێزگای سلێمانی ئەکات، بە هەمو کار و گرێبەستەکانی پێشودا ئەچێتەوە، بەو مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکانی ئەو بوارە و پارێزگا و هەرێمەکانیتری عێراق ئەکات.

بەندی بیست و شەش:

حکومەتی ڕاگوزەر هەمو ئەو کێشانەی بە هۆی ئیدارەی ڕابردو توشی خەڵک و دامودەزگاکانی بوە بە شێوەی ئەرێنی (ئیجابی) چارەسەر ئەکات.

بەندی بیست و حەوت:

حکومەتی ڕاگوزەر، هەمو تۆڕەکانی پەیوەندییەکان (پۆستە و گەیاندن، تەلەفۆن، مۆبایل و ئەنتەرنێت) ڕێکدەخاتەوە و پیاچونەوە بە سیاسەت و گرێبەستەکانی پەیوەندییەکانی گەیاندنی هەرێمی پارێزگای سلێمانی ئەکات.

بەندی بیست و هەشت:

حکومەتی ڕاگوزەر، گرنگی بە کەرتی تەندورستی گشتی و دامودەزگا گشتییەکانی ئەدات و کاری کۆمپانیاکانی دەرمان و خەستەخانە تایبەتەکان ڕێکدەخاتەوە.

بەندی بیست و نۆ:

حکومەتی ڕاگوزەر، گرنگی بە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و زانکۆ گشتییەکان ئەدات و کاری کۆمپانیا و دەزگا تایبەتەکانی ئەو بوارە ڕێکدەخاتەوە.

بەندی سی:

حکومەتی ڕاگوزەر، کاروباری ڕەگەزنامە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕێکدەخاتەوە.

بەندی سی و یەک:

حکومەتی ڕاگوزەر، بە هاوکاری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکان، لیستی دەنگدەرانی هەرێمی پارێزگای سلێمانی ڕێک و پاک ئەکاتەوە.

بەندی سی و دو:

حکومەتی ڕاگوزەر، کاروباری پەناهەندە و ئاوارەکانی هەرێمی پارێزگای سلێمانی ڕێکدەخاتەوە.

بەندی سی و سێ:

هەر یاسایەک دژی بەندەکانی ئەم پرۆژەیەی هەرێمی پارێزگای سلێمانی بێت، لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە هەڵدەپەسێردرێ و کاری پێ ناکرێت.

بەندی سی و چوار:

هەر یاسایەک دوای (ڕەزامەندی و بڕیاری دادگای فیدڕالی عێراق)، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یەوە تایبەت بە هەرێمی پارێزگای سلێمانی دەربچێت باڵاترە لە یاساکانی پێشوو.

بەندی سی و پێنج:

ئەندامان و بەرپرسەکانی  هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەگەر پێش دو ساڵ دەستی لە کارەکەی نەکێشابێتەوە مافی خۆ پاڵاوتنی بۆ هیچ پۆستێکی گشتی نیە.

بەندی سی و شەش:

هەتا دەستوری هەرێمی پارێزگای سلێمانی ئەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پێی یاسای هەڵبژارنەکانی پارێزگاکانی عێراق هەڵدەبژێردرێت.

بەندی سی و حەوت:

حکومەتی ڕاگوزەر، هەوڵ ئەدات لە نزیکترین دەرفەتدا، هەڵبژاردنی نوێ بۆ ئەنجومەنی پارێزگا بکات.

بەندی سی و هەشت:

ئەنجومەنی پارێزگا کۆبونەوەکانی بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی خۆی و بە ئاشکرا ڕێکدەخات.

دەروازەی چوارەم

( دەسەڵاتی دادوەری )

 بەندی سی و نۆ:

أ ـ دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە و جگە لە یاسا هیچ دەسەڵاتێکی بەسەرەوە نیە.

ب ـ دەسەڵاتی دادوەری بە بێ جیاوازی دەسەڵاتی بەسەر کەسایەتی مەعنەوی و ئاساییدا هەیە.

ج ـ دەسەڵاتی دادوەری میزانیەی سەربەخۆی ئەبێت و لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە بۆی دیاری ئەکرێت.

د ـ دەسەڵاتی دادوەری بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری ئەتوانێ دادگای تایبەت پێکبهێنێت.

درەوازەی پێنجەم

(پێکهاتەی دەستەی نوێ)

بەندی چل:

أ ـ پێکهێنانی چەندین دەستەی جیاواز بۆ (مافی مرۆڤ ، دەستپاکی ، چاودێری دارایی ، گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی گشتی).

ب ـ ئەندامانی ئەو دەستانە بە پێی یاسا و بە ڕاوێژ لەگەڵ دەسەڵاتە تایبەتمەندەکان، لە ئەنجومەنی پارێزگا دادەنرێن.

ج ـ ئەندامانی ئەو دەستانە نابێت فەرمانبەری دەزگا حکومییەکان و کۆمپانیا بازرگانییەکان بن.

دەروازەی شەشەم

(قەزا و ناحیە و گوندەکان)

بەندی چل و یەک:

أ ـ سنوری جوگرافی قەزا و ناحیە و گوندەکان بە پێی نەخشەی ئیداری باوەڕپێکراوی عێراق دیاری ئەکرێت. هەتا نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی هەرێمی پارێزگای سلێمانی ناوەکانیان وەک خۆیان دەمێننەوە.

ب ـ بە شێوەی لامەرکەزی دەسەڵاتەکانیان پیادە ئەکەن.

ج ـ بە پێی ڕێژەی دانیشتوان، لە ئەنجومەنی پارێزگا میزانیەیان بۆ دیاری ئەکرێت.

د ـ مافی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی خۆجێیی خۆیانیان هەیە، ڕاستەوخۆ پەیوەستی ئەنجومەنی پارێزگا ئەبن.

بەندی چل و دو:

پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین هەتا نوسینەوەی دەستوری هەرێمی پارێزگای سلێمانی، تایبەتمەندییەکانیان وەک خۆیان  پارێزراو ئەبێت. لە دەستوری هەرێمی پارێزگای سلێمانیدا، ئەوان و هەمو قەزاکانی تریش مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆیانیان هەیە، وەک پارێزگا یان هەر شێوازێکی تری دەستوری کە بیانەوێت لە ناو هەرێمی پارێزگای سلێمانیدا، بەڕێوەبردنی خۆیان ڕێکبخەن، بە داهات و دەسەڵاتی زیاترەوە لە ئێستا.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.