Home » هەواڵ » عێراق » محەمەد حەلبوسی سەردانی هەولێر دەکات
محەمەد حەلبوسی

محەمەد حەلبوسی سەردانی هەولێر دەکات

کەناڵی سۆمەریەنیوز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامانجی سەردانەکەش وەرگرتنی بۆچونی کوردستانە لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەخت و چۆنیەتی یەکلاییکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن.

سەرچاوەیەکی پەرلەمانی ئاگادار لە سەردانەکە بە کەناڵی سۆمەریەنیوزی راگەیاندوە، ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئامانجی سەردانەکە بۆ تاوتوێکردنی دواین گۆڕانکارییەکان و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێت لەگەڵ وەرگرتنی بۆچونی هەرێمی کوردستان لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن.

دوێنێش لەکۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقدا، حەلبوسی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد بەرپرسیاریەتی قۆناغەکە هەڵگرن و بەکۆدەنگی کار لەسەر تەواوکردنی پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەکان بکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، یاسای هەڵبژاردنەکان تێناپەڕێندرێت ئەگەر کۆدەنگی لایەنەکانی لەسەر نەبێت، چونکە یاساکە تەواو بوە و تەنها پاشکۆی دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی ماوە یەکلاییبکرێتەوە کە ئەوەش ئاسان نیە، چونکە کوتلەکان چەندین کۆبونەوەیان لەوبارەیەوە کردوە و نەگەیشتونەتە رێککەوتن

باسی لەوەشکرد، دابەشکردنی بازنەکان لەسەر ئاستی قەزاکان چەند گرفتێکی تێدایە، لەوانە قەزا هەیە لە 100 هەزار کەس کەمترە و بە گوێرەی یاساکەش هەر قەزایەک دەبێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن، ئەوە زیاتر لە ناوچە کێشەلەسەرەکان وەک کەرکوک، سەڵاحەدین موسڵ و دیالە و لە نێوان پارێزگاکانی باشوری عێراقیش ناکۆکی لەسەرە، بە نمونە قەزایەک زۆرینە کوردە و هەیە زۆرینە عەرەبە و قبوڵ ناکەن لەیەک بدرێن لە کاتێکدا بەهەردو قەزاکە یەک کاندید دەردەچێت و دەبێتە پەرلەمانتار.

هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆدەنگن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەوپێیەی داواکارییەکی سەرەکی شەقام و خۆپیشاندەرانی عێراقە، لەسەر ئەوبنەمایەش مستەفا کازمی رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریکردوە و داوایکردوە کۆمسیۆنی ئامادەکاری بۆ پڕۆسەکە بکات.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.