Home » هەواڵ » مێسی لە بەرشەلۆنە دەمێنێتەوە
مێسی

مێسی لە بەرشەلۆنە دەمێنێتەوە

پاش دەنگۆیەكی زۆر و دوای ئەوەی داوایكرد رێگەیبدەن لە بەرشەلۆنە جیابێتەوە، ئەمڕۆ لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرژەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی مانەوەی خۆی لە یانەكەی راگەیاند.

ئەمڕۆ هەینی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی دیاری هەڵبژاردەی ئەرژەنتین و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی مانەوەی خۆی لەگەڵ یانەكەی راگەیاند و لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنییدا لەگەڵ TYC sports وتی “دەمویست یانەكە جێبهێلم، بەڵام لە یانەكەم دەمێنمەوە بۆ ئەوەی نەكەومە ناو ململانێیەكی یاسایی لەگەڵ یانەكەمدا”.

سەبارەت بەو وتانەی پێشتر وتویەتی مێسی سەرلەنوێ دوپاتیكردەوە، بەڕێوەبردنی بەرشەلۆنە لەلایەن بارتۆمیۆ-وە كارەساتە، ئەو چەندینجار پێی وتوم هەركاتێك ویستم دەتوانم لە یانەكە بڕۆم، بەڵام پەیمانەكەی نەبردەسەر.

باسی لەوەشكرد، بە هیچ شێوەیەك دژ بە یانەكەی ناچێتە دادگا، لە وەڵامی پرسیارێكیشدا كە بۆچی كاتێكی زۆری پێچو بۆئەوەی لەوبارەیەوە بدوێت وتی “بە درێژایی ساڵەكە بە یانەكە و سەرۆكەكەیم وتوە كە دەمەوێت جێیبھێڵم، پێموابو بەرشەلۆنە پێویستی بە ژمارەیەك گەنجی نوێ هەیە”.

وتیشی “بەرشەلۆنە هەمو شتێكی پێبەخشیم و منیش هەمو شتێكم پێبەخشی، دەزانم هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتوە لەبەردەم بەرشەلۆنە بچمە بەردەم دادگا”.

هەر سەبارەت بە هەست و سۆزی بۆ بەرشە، مێسی بەو تەلەڤزیۆنەی راگەیاندوە، ئەوەی ئازاریداوە گومانبدرن بوە بە خۆی لە خۆشەویستیدا بۆ ئەو یانەیە.

هاوكات رونیكردەوە، تیاگۆ-ی كوڕی گریاوە و پێی وتوە “با نەڕۆین”، كاتێكیش بە ئەندامانی خێزانەكەی راگەیاندوە سەرجەمیان دەستیانكردوە بە گریان، منداڵەكانی نایانەوێت لە بەرشەلۆنە بڕۆین و خوێندنگەكانیان جێبهێڵن.

لە درێژەی وتەكانیدا ئەو ئەستێرەیەی تۆپی پێ وتی سەرۆكی بەرشەلۆنە پێی راگەیاندوە تاكە رێگە بۆ ئەوەی یانەكە جێبهێڵێت هەڵوەشاندنەوە و شكاندنی گرێبەستی 700 ملیۆن یۆرۆیە و ئەوەش شتێكی مەحاڵە.

لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا رایگەیاند، بە هەمان گوڕ بەردەوامدەبێت لە یاریكردن و هەوڵی بەدەستهێنانی سەركەوتنی زیاتر دەدات، جەختیشیكردەوە “ئەوانەی منیان فریودا ئەو كەسانەن بەناوی یانەكەوە كاردەكەن، بەڵام بەرشەلۆنە ژیانی منە”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.