سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئاستەنگی زۆر لەبەردەم رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بوونیان هەیە، بەڵام “گەشبینین کە دەتوانین لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بگەینە رێککەوتن”.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە پەرەی فەرمی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی، “گەشبینم بەوەی کە دەتوانین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق بگەینە رێککەوتنی کۆتایی”.
باسی لەوەشکردوە، “هەرچەندە بەربەستی زۆر هەن، بەڵام تیمێکی دانوستاندنی بەهێزمان هەیە و لە مەبەستەکەیاندا یەکگرتوون”.
10ی ئەیلول مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پرسی خاڵە سنورییەکان گفتوگۆیان کرد.
هاوکات نیوەڕۆی 11ی ئەیلول سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سلێمانی لەگەڵ بەرپرسی یەكەمی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان کۆبوەوە و نوسینگەی کازمیش لەبارەی دیدارەکە رایگەیاند، لەو دیدارەدا پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق، هەڵبژاردنی پێشوەخت و سود وەرگرتن لە دەرفەتەکانیان تاوتوێکردوە.