Home » هەواڵ » کوردستانی » نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێم وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رێكى سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌
كۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێم

نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێم وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رێكى سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان، جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستورى عێراق كرده‌وه. راشیگەیاند: هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رێكى سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و‌ په‌يوه‌ندييه‌كانیشى له‌گه‌ڵ ئێران و توركيا باشن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16/9/2020 له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر،  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ ئاماده‌بونى جێگرانى سه‌رۆك و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان‌، له‌گه‌ڵ كونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى يه‌كێتیى ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمى كوردستان كۆبوه‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى باسێكى ده‌رباره‌ى دۆخى گشتيى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێرـبه‌غداو گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌م هه‌رێمى كوردستان و عێراق بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى، ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش، تێپه‌ڕاندنى دۆخى سه‌ختى ئابورى و دارايى و پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش كرد.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌وروپا دوپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشدا به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مه‌ریکا پشتگيرييان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كردوه‌و ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها يارمه‌تيى مرۆيييان پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردوه‌، بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆناش، هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.

نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌وروپا دوپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ى چاكسازيدا هاوكارى ده‌كه‌ن و جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى پرۆسه‌كه‌ كرده‌وه‌‌و هاوكارى و يارمه‌تيى وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌وروپاى له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ پێويست و گرنگ زانى.

سەرۆكی هەرێم وێڕاى دوپاتكردنه‌وه‌ى پشتگيريى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكومه‌تى سه‌رۆك وه‌زيران مسته‌فا كازمى، جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستورى عێراق كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌يه‌ك ماف و شايسته‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌ر بكرێن و سيسته‌مى فيدراڵى وه‌ك له‌ ده‌ستوردا هاتوه‌ جێبه‌جێ بكرێت، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هاوبه‌شى و به‌شداريى پێكهاته‌كانى عێراقيشى له‌ پرۆسه‌ى سياسى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا، به‌ فاكته‌رى سه‌قامگيريى وڵات له‌ قه‌ڵه‌م دا.

جه‌ختى له‌وه ش‌ كردوه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رێكى سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و خوازيارى بره‌ودانه‌‌ به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزگرتن و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، ڕونيشى كرده‌وه‌ كه‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران و كۆمارى توركيا باشن و قه‌باره‌يه‌كى گه‌وره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چالاكيى ئابورى له‌گه‌ڵياندا هه‌يه‌.

له‌ وه‌ڵامدا نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ سياسه‌ت و تێڕوانينى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى پاراستنى سه‌قامگيرى و گفتوگۆ و هاوبه‌شى و پێكه‌وه‌ كاركردن بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌يرانه‌كان و يارمه‌تيدانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاسوده‌يان بۆ شوێنه‌كانيان كرده‌وه‌.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.