Home » هەواڵ » کوردستانی » وتەبێژی گۆڕان وردەكاری “ئاڵۆزیيەكەی” ئەمڕۆی ناو حزبەكەی بڵاوكردەوە
بزوتنەوەی گۆڕان

وتەبێژی گۆڕان وردەكاری “ئاڵۆزیيەكەی” ئەمڕۆی ناو حزبەكەی بڵاوكردەوە

دوای ئەوەی بڵاوكرایەوە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان شەڕ ڕوویداوە لەسەر كشانەوە و مانەوە لە حكومەتی هەرێم، وتەبێژی حزبەكە دەڵێت: “كێشەیەكی بچووك بووە”، بەڵام پەڕلەمانتارێكی ئەو حزبە، كە بەرەی كشانەوەی گۆڕان بووە لە حكومەت دەڵێت: “كێشەی بچووك نەبووە و داوامان كردووە گروپی بەرژەوەندیخواز لە حكومەت بكشێنەوە”.

غالب محەمەد، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبوووك بڵاویكردەوە، “ئەوەی ئەمڕۆ لەكۆبونەوەی جڤات ڕوویدا كێشەیەكی بچوكی نێوان بەندوە و گروپی بەرژەوەندی خوازی گۆڕان نەبوە لەحكومەت، بەڵكو كێشەی سەرەكی بووە لەپێناو ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان”.

دەشڵێت: “بەندە بەنوێنەرایەتی فراكسیۆنی گۆڕان لەبەغداد بەشداربوم، بۆیە شەڕێكی شەخسی نەبو، داوام كرد چیتر ئەو گروپە بەردەوام نەبن لەم حكومەتە شكستخواردوە، كە بۆتە سەرچاوەی نەهامەتی و دەردەسەری بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و خەریكی مكیاج كردنن بۆ دەسەڵات”.

ئاشكراشی كردووە، دەیانەوێت فراكسیۆنی گۆڕانیش لەبەغداد هاوشێوەی خۆیان لێبكەن و خۆیان و نەوەكانیان وەك شا بژین و ملی هاووڵاتیان بخەنەژێر چەقۆی دەسەڵات”.

جەختیشی كردۆتەوە، ئاڵۆزی كۆبونەوەكە لەوەوە دروست بوو، چونكە ئەوان نایەنەوێ دەسبەرداری كورسی و بەرژەوندی ببن لای ئێمەش ئەمە قبول نیە، لەئێستادا دەگەڕێمەوە بەغداد و لەگەڵ هاوڕێیانم لەبەغداد كۆبونەوە لەوبارەیەوە ئەنجام ددەین و هەڵوێستی جدیمان دەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە عەدنان عوسمان وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بەمیدیاكانی حزبەكەی ڕاگەیاند، ڕاستە گرژی لەناو كۆبوونەوە هەر دەبێت، بەڵام كۆبوونەوەكە بەردەوامی هەبوو و ڕانەگیرا.

ئاماژەی بەئەوەشدا، سوكەلێكتێنەگەیشتنێك لەنێوان دوو هاوڕێدا دروستبوو، ئەویش دوو سێ خولەك بوو و كۆتایی هات و بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە بەردەوامییان بەكۆبوونەوەكەدا.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.