Home » هەواڵ » جێهان » وەزیری ناوخۆی توركیا: لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا 94 سەرۆك شارەوانی لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە
سلێمانی سۆیلو

وەزیری ناوخۆی توركیا: لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا 94 سەرۆك شارەوانی لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە

وەزیری ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند، لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا 94 سەرۆك شارەوانی سەر بە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە.

سلێمانی سۆیلو، وەزیری ناوخۆی توركیا لە وتەیەكدا لە یەكێك لە بۆنەكاندا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا 94 سەرۆك شارەوانی لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە و لەبری ئەوان قەیوم لە شوێنیان دانراون.

سۆیلو ئەوەشی وت، “كۆی ئەو سزایانەی لەلایەن دادگاكانەوە لە پلەی یەكەمدا دەرهەق بە 63 سەرۆك شارەوانی لەوانەی لە ماوەی ساڵانی 2014 و 2019 دورخراونەتەوە دراوە گەیشتووەتە 628 ساڵ و 908 مانگ و 323 ڕۆژ”.

لەكاتێكدا كۆی سزا كۆتاییە دووپاتكراوەكان دەرهەقیان نزیكەی 126 ساڵ و 230 مانگ و 62 ڕۆژە، وەك ئەوەی وەزیری ناوخۆی توركیا دەیڵێت.

یەک مانگ لە پاش کودەتاکەی 15ی تەموزی 2016 تورکیا لەچوارچێوەی قۆناغی باری نائاسایدا، (یاسای قەیوم) لە پەرلەمانی تورکیا بەدەنگی ئەکەپە و مەهەپە دەرچوێندرا.

دیارترین خاڵی یاساكە تایبەتە بە پرسی شارەوانەییەكان و تیایدا هاتووە، “هەمو ئەو سەرۆک شارەوانیانە لەکار دووردەخرێنەوە، کە پشتیوانی و پشتگیری لە ڕێکخستنە تیرۆریستیەکان دەکەن و قەیوم دەخرێتە جێگەیان”.

قەیومەكان لەلایەن دەوڵەتەوە ڕادەسپێردرێن و حكومەتی ئەنقەرە لە دەرەوەی هەڵبژاردنەکان، بە دامەزراندن و لە جێگەی سەرۆك شارەوانییە هەڵبژێردراوەكان دایاندەنێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.