Home » هەواڵ » کوردستانی » پارتى وەڵامى پەکەکە دەداتەوە
لۆگۆی پارتى دیموکراتى کوردستان

پارتى وەڵامى پەکەکە دەداتەوە

پارتى دیموکراتى کوردستان وەڵامى پەکەکە دەداتەوە و ئەو پارتە تۆمەتبار دەکات بەوەى هۆکارى “هاتنى سوپاى تورکیایە” بۆ هەرێمى کوردستان.

لەدواى ئۆپراسیۆنەکەى تورکیا لە قوڵایی خاکى هەرێم و هێرشکردنە سەر پەکەکە، شەڕى میدیایی لەنێوان پارتى و پەکەکە سەریهەڵداوە و بەرپرسانى هەردوولا چەندین تۆمەتیان ئاڕاستەى یەکتر کردووە.

لەچەند رۆژى ڕابروودا بەرپرسانى پەکەکە بەفەرمى داوایان لە پارتى کرد وەڵامیان بدەنەوە لەبارەى “هاوکاریکردنى تورکیا دژى پەکەکە” و جەختیانکردبووەوە کە ئەو کارە جدییە و رەنگە شەڕى ناوخۆى لێبکەوێتەوە.

لەبەرانبەر ئەو داوایەدا، مەکتەبی رۆشنبیرى و ڕاگەیاندنى پارتى ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند “ماوەیەکە ھاوسەرۆکانی کەجەکە و موراد قەرەیلان و دۆران کاڵکان، دەستیان کردووە بە بەخشینەوەی تۆمەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و داوای ئەوەش دەکەن کە پارتی وەڵامیان بداتەوە”.

راگەیەندراوەکە هەروەها پەکەکەى تۆمەتبارکردووە بەوەى لە ده‌ڤه‌ری سیدەكان بە پێشمەرگەیان وتووە نابێ‌ بچنە ئەو شوێنە “بەڵام لاتان ئاساییه‌ سه‌ربازانی تورك بێن”.

“داوای وه‌ڵامده‌كه‌ن! وەڵامی چیتان بدەینەوە كە بوونە هۆكاری سەرئێشە بۆ هەموو كوردستان، لە هەر به‌شێكی كوردستان ئاسۆیەك پەیدابێ‌ خۆتانی تێهەڵدەقورتێنن و هەوڵی تێكدانی دەدەن!” لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە.

مەکتەبی رۆشنبیرى و ڕاگەیاندنى پارتى جەختیکردووەتەوە “سه‌ركردایه‌تی و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە هیچ كەس و لایه‌نێكی قبووڵ ناكه‌ن بەرە و ئاڕاستەیەكی نادیار و ئاینده‌یه‌كی ناڕۆشن ببردرێن”.

ئەوەشى خستووەتەڕوو “له‌ هه‌رێمی كوردستان سۆز و تێگه‌یشتنێكی زۆر بۆ بارودۆخی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان هه‌یه‌، پەکەکە ئه‌وه‌ى قۆستۆته‌وه‌ و له‌ هه‌موو روێكه‌وه‌ سنووره‌كان ده‌به‌زێن”.

سەرەتاى گرژییەکانى ئەمساڵى پارتى و پەکەکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگى نیسان، کاتێک کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا پارتى تۆمەتبارکرد بە پێدانی زانیاری بە تورکیا لەبارەى شوێنی ئەو گەریلایانەى کە لە بۆردومانێکى تورکیا بۆ سەر بارەگایەکى پەکەکە لە زینى وەرتێ گیانیان لەدەستدا.

ئەو کات مەکتەبی سیاسی پارتى بەفەرمى وەڵامى پەکەکەى دایەوە و سەرەڕاى رەتکردنەوەى ئەو تۆمەتە جەختیکردبووەوە، “ئەوەى تا ئێستا لە پەكەكە قبوڵ كراوە بەهۆی سینگفراوانی پارتی و هەرێمی كوردستان بووە كە چاوپۆشییان لە زێدەڕەوییەكانی پەكەكە كردووە”.

گرژییەکانى ئەوکات تاڕادەیەک لەسنورێکى بەرتەسکى شەڕى لێدوان و میدیایدا مانەوە تا دواى ئۆپراسیۆنە فراوانەکەى تورکیا، کاتێک هەردوولا بەچڕى دەستیانکردەوە بە تۆمەتبارکردنى یەکترى.

رۆژى 23ى مانگى ڕابردوو کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە بەیاننامەیەکدا پارتى بە هاوکاریکردنى تورکیا تۆمەتبارکرد لە هێرشەکەیدا بۆسەر پەکەکە و جەختیکردەوە، ئەوان هەرگیز و هیچ کاتێک شەڕی ناوخۆیی کوردانیان ناوێت، بەڵام “پارتى ئەوە بەسەر گەریلادا دەسەپێنێت و دەڵێت یان ئەوەتا ئێوە خۆتان رادەست بکەن و لە دژی کۆماری تورکیا شەڕ نەکەن، یان ئێمەش بە هێزە سەربازییەکانمانەوە دێینە ناو ناوچەکانی ئێوە”.

لەبەرانبەر ئەو تۆمەتانەدا مەکتەبی رۆشنبیرى و ڕاگەیاندنى پارتى رۆژى 28ى مانگى رابردوو بە راگەیەنراوێکى توند وەڵامى پەکەکەى دایەوە و بە “شەڕ فرۆش” تۆمەتباری کرد.

سەرەڕاى ئەو وەڵامەى پارتى کە بەفەرمى لە میدیاکانى ئەو حزبەوە بڵاوکرایەوە، بەڵام پەکەکە لەچەند رۆژى ڕابردوو جەختیکردەوە چاوەڕوانى هەڵوێستى فەرمى پارتى یە و داواى چارەسەرکردنى دۆخەکە دەکات.

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی دەنگی وڵات ڕایگەیاندبوو “لەماوەی ڕابردوودا کەجەکە پەیامێکی ئاڕاستەی پارتی کرد دەربارەی پرسی داگیرکارییەکانی تورکیا، بەڵام تائێستا بەفەرمی وەڵاممان نەدراوەتەوە.”

وتیشی “لە هەندێک لە دەزگاکانی خوارەوەیان دەقی وەڵامەکان بڵاو کرایەوە، ئەمە وەڵام نییە و چارەسەرییەکان بەم شێوەیە پێشناکەون، کێشەکە گرنگ و جدییە، ئەو بانگەی کە لەلایەن هاوسەرۆکانمانەوە کراوە زۆر گرنگە و بە دڵنیاییەوە دەبێت بە گوێرەی ئەوە هەڵوێست نیشانبدرێت، ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی پارتی دەکەین.”

قەرەیلان ئاماژەی بەوەشکردبوو “ئەو سیاسەتەی پارتی دەیکات هەڵەیە، لەو ڕاگەیاندراوەدا کە ئاڕاستەمان کردوون خاڵی دەستنیشانکراوی گرنگ هەیە، هەم هۆشدارین و هەم بانگەوازن بۆ چارەسەر، ئەو دۆخەی کە ئێستا هەیە شیکاریی بۆ کراوە و ڕێگاچارەشی بۆ دەستنیشان کراوە.”

ڕونیشیکردووەتەوە “ئەو سیاسەتە وەک سیاسەتی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیە، واتا زەمینە و بوار بۆ شەڕی ناوخۆ دەرەخسێنێت، ئەوە زۆر مەترسیدارە کە نە ئێمە و نە گەلەکەمان نایەوێت بڵاو ببێتەوە و ڕووبدات.”

گرژییەکانى پارتى و پەکەکە و ئەگەرى سەرکێشانى بۆ شەڕى ناوخۆ لەکاتێکدایە، بەرپرسانى هەردوو پارتەکە پێشتر چەندینجار جەختیانکردووەتەوە کە هەرگیز رێگە بەشەڕى ناوخۆ نادەنەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.