Home » هەواڵ » جێهان » پاریس؛ لە هێرشێکدا 10 کەس برینداربوون
ئۆفیسی پێشووی گۆڤاری شارلی ئیبدۆ

پاریس؛ لە هێرشێکدا 10 کەس برینداربوون

هێرشێک لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا روویدا و چەند کەسێک بەهۆیەوە برینداربوون. هێرشەکە بە چەقۆ و لە نزیک ئۆفیسی پێشووی گۆڤاری “شارلی ئیبدۆ” روویدا. میدیای فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکات، لانیکەم 10 کەس برینداربوون و تەندروستیی دوو کەسیان ناجێگیرە.

لەگەڵ ئەنجامدانی هێرشەکەدا هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە ناوچەکە و تاوەکو ئێستا دوو گومانلێکراو دەستگیرکراون.

پۆلیس لەکاتی لێکۆڵینەوەکەدا شتێکی گوماناوییان لە نووسینگەی پێشووی شارلی ئیبدۆ دۆزیوەتەوە، هەربۆیە ناوچەکە بەڕووی خەڵکیدا داخراوە.

ساڵی 2015ش هێرش کرایە سەر نووسینگەی ئەو گۆڤارە و لە ئەنجامدا 12 کەس کوژران و 11 کەسی دیکەش برینداربوون. هێرشەکە لەلایەن دوو براوە ئەنجامدرا کە خۆیان وەکو ئەندامی رێکخراوی ئەلقاعیدە ناساندبوو.

شارلی ئیبدۆ زۆرجار وێنەی کێشراوی کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان بڵاودەکاتەوە، ئەوەش کاردانەوەی جیاواز بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ساڵی 2012 هەندێک کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام (د. خ)ی بڵاوکردەوە، ئەوەش توڕەبوونی خەڵکێکی زۆری موسڵمانی بەدوای خۆیدا هێنا. هەربۆیە حکومەتی فەرەنسا بۆ ماوەیەک باڵیۆزخانەکانی لە زیاتر لە 20 وڵاتی جیهان داخست، ئەوەش لەترسی هێرشکردنە سەریان.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.