Home » هەواڵ » جێهان » “پەتای کۆڤید-19 لاوازی جیهانی سەلماند”
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

“پەتای کۆڤید-19 لاوازی جیهانی سەلماند”

بڕیارە ئەمڕۆ دوشەممە سەرکردەکانی جیهان کۆببنەوە، بەمەبەستی ئاهەنگگێران لە یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەوەش لەکاتێکدایە پەتای کۆڤید-19 بە جیهاندا بڵاوبوەتەوە و بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسەکە پێویستی بە یەکڕیزی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە هەیە کە ژمارەیان 193 ئەندام دەبێت.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بە رۆیتەرز-ی راگەیاند، پەتای کۆڤید-19 لاوازی جیهانی سەلماند، لە پلانیدایە ئەمڕۆ بە سەرکردەکانی جیهان رابگەیەنێت کە ئەوان پێویستیان بە هاوکارییە لەبەرەنگاربوەوەی ئەو ئاڵەنگاریانەی کە بەهۆی کۆرۆناوە روبەڕوی بونەتەوە.

لەم مانگەدا نەتەوە یەکگرتوەکان بە کۆی دەنگ بڕیاری “بەرەنگاربونەوەی گشتگیر و هاوبەش”یان دەکرد بۆ روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا، دەرکردنی ئەو بڕیارە بە پاڵپشتی سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵەکە نەبو، بەڵکو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی بڕیارەکە وەستانەوە.

لەوبارەیەوە گەورە دیپلۆماتکارێکی یەکێتی ئەوروپا کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرابکات رایگەیاند، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتوەکان دەبوایە مانگێک پێشتر ئەو بڕیارەی دەرکردایە، بەڵام وڵاتانی ئەندام لەناو خۆیاندا کۆکنەبون، بەوهۆیەشەوە راگەیاندنی بڕیارەکە بۆ ئەم مانگە دواکەوت.

لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ دوشەممە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بڵاوکرایەوە هاتوە، لە هەر 10 کەسێک لە جیهاندا شەش کەسیان لەو بڕوایەدان نەتەوە یەکگرتوەکان وای لە جیهان کردوە لە ئێستادا ببێت بە شوێنێکی باشتر بۆ ژیانکردن، سێ لەسەر چواری دانیشتوانی جیهانیش بونی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بە پێویست دەزانن لە بەرەنگاربونەوەی ئاڵەنگارییە جیهانییەکان.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.