Home » هەواڵ » کوردستانی » کەرکووک.. حیزبە کوردستانییەکان کۆدەبنەوە
کەرکووک

کەرکووک.. حیزبە کوردستانییەکان کۆدەبنەوە

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، حیزبە کوردستانییەکانی کەرکووک لە شارەکە کۆدەبنەوە.

تاریق فەریق محەممەد، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “هەموو لایەنە کوردییەکان لە کەرکووک ئاگادار کراونەتەوە کە بەیانی کۆببینەوە.  کۆبوونەوەکەی کەرکووک زۆر شت هەڵدەگرێت کە مەبەست لێی نزیکبوونەوەی لایەکانی شارەکە و گرفتەکانی شارەکەیە”.

بە گوتەی بەرپرسەکەی مەڵبەندی کەرکووکی یەکگرتوو کۆبوونەوەکەی سبەینێ یەکشەممە 2020/09/20 زیاتر راوێژکاری دەبێت بۆ چۆنیەتیی چارەسەرکردنی گرفتەکان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.

تاریق فەریق دەڵێت، “دۆخەکە وادەخوازێت هەموو لایەنەکان لەسەر بابەتە کوردستانییەکان یەکهەڵوێست بن و گرفتە لاوەکیەکان وەلا بنێین”.

لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە دۆخی سیاسی و جوگرافیی شارەکە بە جۆرێک گۆڕاوە کە لێکەوتەی خراپی لەسەر پێکهاتەی کورد لە شارەکە داناوە.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی 2021/06/06ـی وەکو وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی وڵات دیاریکردووە.

یاسای هەڵبژاردنیش عێراق دابەشی سەر چەندین بازنەی هەڵبژاردن دەکات و بە گوتەی چاودێران ئەگەر هەڵبژاردنەکەی عێراق فرە بازنەیی بێت کورد بە لایەنی کەمەوە 12 کورسی لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەدەست دەدات.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.