ڕۆژنامه‌ی “الاخبار”ی لبنانی ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه هه‌ریه‌ك له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا كێبه‌ركێی و ململانێی توندیان له‌سه‌ر كورد له نێوان دروست بووه و هه‌ریه‌كه‌یان ده‌یانه‌وێ كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات به‌لای خۆیانه‌وه ڕابكێشن و ئه‌جێنداكانی خۆیان له سووریا پێ به‌هێزتر بكه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان پارێزراوتر بكه‌ن.
له ڕاپۆرته‌كه هاتووه، گه‌ڕی سێیه‌می دانوستاندنی كوردی – كوردی له حه‌سه‌كه به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه و ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ریكا بریتییه له ڕێكخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی ئه‌سه‌د له باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، ئه‌مه‌یش له‌لایه‌ن مۆسكۆوه به توندی دژایه‌تی ده‌كرێ و به هه‌نگاوێكی مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر پلان و كاره‌كانی له سووریا داده‌نرێ، كه ئامانجی سه‌ره‌كی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌سه‌د و ڕژێمهكهیهتی له ده‌سه‌ڵات، چونكه ئه‌وان ده‌سته‌به‌ری ته‌واوه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕووسیا له وڵاته‌كه ده‌كه‌ن.
له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه واشنتن هه‌وڵه‌كانی خۆی چڕكردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی به‌رهه‌ڵستكاری ئه‌سه‌د له باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا یه‌ك بخات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش ده‌سپێشخه‌ری نێوه‌ندگیری و دانوستاندنی له نێوان دوو لایه‌نه ناكۆكه‌كه‌ی كورد خسته‌ڕوو و فشاری زۆریش له‌سه‌ر هه‌ردوولا ده‌كات، تا بتوانن به خێرایی بگه‌ن به ڕێككه‌وتن و كات به‌فیڕۆ نه‌ده‌ن، چونكه ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا نییه، دواجاریش جیمس جیفری سه‌ردانی ڕۆژهه‌ڵاتی فوراتی كرد و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی كورد كۆبووه‌وه و فشاری توندی له‌سه‌ر دروستكردوون، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به ڕێككه‌وتن و كۆتایی به كێشه‌كان بهێنن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان له نێوان مه‌سه‌ده و ئه‌نه‌كه‌سه قووڵن و ڕیشه‌ی كۆنیان هه‌یه و پێوه‌سته به جیاوای ئایدلۆجیا و هزرییه‌وه، به‌ڵام تا ئێسته فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتوو بووه له پێشخستنی دانوستاندنه‌كان و گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن له نێوان هه‌ردوولا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك كێشه كه پێشتر ناكۆكی زۆریان له‌سه‌ری هه‌بوو.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، گه‌ڕی سێیه‌می دانوستاندنه‌كانی كوردی – كوردی قورسترین گه‌ڕ ده‌بێ، چونكه ئیتر پرسی به سه‌ربازكردنی زۆره‌ملێ و به‌شداری ئه‌نه‌كه‌سه له خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی فورات و یه‌كخستنه‌وه‌ی له‌شكری ڕۆژ له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده پێویسته یه‌كلایی بكرێنه‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه به سیسته‌می خوێندن له ناوچه‌كه بكرێ، كه له ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تیش ددانی پێدانه‌نراوه، كه ئه‌مه‌یش جاریكی تر گرفت به دوای خۆیدا ده‌هێنێت، چونكه ئه‌و سیسته‌مه‌ی ئێسته ده‌خوێنرێ به ته‌واوی نزیكه له سیسته‌می په‌یه‌ده و په‌كه‌كه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان بۆ ڕۆژنامه‌كه دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه واشنتن سووره و به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕازی نابێ پاشه‌كشه له هه‌نگاوه‌كان بكرێ و ده‌یه‌وێ كورده‌كان بگه‌ن به ڕێككه‌وتنێكی گشتگیر و مه‌رجه‌عێكی كوردی له سووریا هه‌بێ، كه نوێنه‌ر و ئه‌ندامی ته‌واوی لایه‌نه‌كانی تێدا بێ و به كۆده‌نگی بڕیار له‌سه‌ر پرسه چاره‌نووسسازه‌كان له داهاتووی ناوچه‌كه بده‌ن.
له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئه‌مه‌ریكایش، له‌لایه‌كی تره‌وه ڕووسیا له‌گه‌ڵ مه‌سه‌ده خه‌ریكی گفتوگۆیه و به سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا پێشتر “سه‌كۆی مۆسكۆ” كه حزبی پێشڕه‌و كه به‌رهه‌ڵستكاری پێشووی ئه‌سه‌د “قه‌دری جه‌میل” سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، له‌گه‌ڵ مه‌سه‌ده گه‌یشتنه ڕێككه‌وتن، ئامانجی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی مۆسكۆ بۆ مایهپووچكردنی هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه كه له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات گرتوویه‌تییه‌به‌ر.
مۆسكۆ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات مایه‌پووچ بكات و به به‌رده‌وامی گوته و لێدوان و هه‌ڵوێست له‌به‌رانبه‌ر جموجۆڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌رده‌بڕی و له ماوه‌ی ڕابردوویش سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا چه‌ندان جار هێرشی كردووه‌ته سه‌ر هه‌وڵ و كاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات و دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه واشنتن ده‌یه‌وێ سووریا پارچه پارچه بكات و هانی كورده‌كان ده‌دات بۆ سه‌ربه‌خۆیی، كه ئه‌مه‌یش وه‌ك بۆمبێكه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ته‌قێته‌وه و سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، چونكه كورد ته‌نیا له سووریا بوونیان نییه و بگره له چه‌ندان وڵاتی تری ناوچه‌كه ڕێژه و ژماره‌ی یه‌كجار زۆری كورد ده‌ژین.
ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌ی ڕووسیا له ڕێی ڕێككه‌وتنی قه‌دری جه‌میل و مه‌سه‌ده‌وه، به پلانێكی مۆسكۆ داده‌نرێ، بۆ ئه‌وه‌ی كورده‌كان له واشنتن دوور بخاته‌وه و جارێكی تر به‌ره‌و به‌ره‌ی مۆسكۆ ئاراسته‌یان بكات، ئێسته هه‌ردوولا واته ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا ده‌یانه‌وێ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی كورد و لایه‌نه‌كانی تر كه له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بوونیان هه‌یه، كۆیان بكه‌نه‌وه و ڕێكیان بخه‌ن و بیانكه‌ن به به‌شێك له ستراتیجی خۆیان له داهاتووی سووریا، هه‌موو ئه‌وانه‌یش له ڕێی مه‌سه‌ده‌وه ده‌كرێ، چونكه هێزی سیاسی و سه‌ربازی باڵاده‌ستن له ناوچه‌كه، بۆیه ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا ململانێ و كێبه‌ركێیانه و ده‌رفه‌تی باشتر و به‌رده‌وام به‌ڵێنی گه‌وره‌تر به كورد ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بچنه ڕیزی یه‌كێك له‌و دوو وڵاته‌وه و وڵاته‌كه‌ی تر په‌راوێز بخه‌ن.