Home » هەواڵ » جێهان » “ ئەردۆگان، ئیسلام بۆ تۆڵەکردنەوە لە فڕەنسا بەکاردەهێنێت و خۆشی کۆمەڵکوژ لەناوچەکەدا دەکات”
ئاڵدار خەلیل

“ ئەردۆگان، ئیسلام بۆ تۆڵەکردنەوە لە فڕەنسا بەکاردەهێنێت و خۆشی کۆمەڵکوژ لەناوچەکەدا دەکات”

ئاڵدار خەلیل، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی رۆژئاڤای کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەردۆگان هەندێک پرس دەکاتە بیانو بۆ هێرشکردنە سەر فڕەنسا لەکاتێکدا خۆی لە سوریا و ناوچەکەدا کوشتن و کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات.

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، “ئەردۆگان هەندێک روداو لە فڕەنسا دەکاتە بیانو بۆ هێرش و تۆڵەکردنەوە لەو وڵاتە، نیگەرانی خۆی لەبارەی ئاینی ئیسلام دەردەبڕێت، لەکاتێکدا خۆی پشتگوێی دەخات، تورکیا کوشتن و کۆمەڵکوژی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریاو ناوچەکەدا کردوە و هێشتاش ئاسەواری کارەکانی هەرماون”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، تێڕوانینی فڕەنسا بۆ رۆڵی نەرێنی تورکیا و خوێندنەوەی دروستی بۆ پرۆژەکانی تورکیا دژ بە سەقامگیری هەرێمی و نێودەوڵەتی مەترسی لەسەر بەئەندامبونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، لە ئەنجامی ئەم ئاڕاستەکردنانەی ئەردۆگانە.

16ـی ئەم مانگە گەنجێکی پەنابەر بەناوی عەبدوڵا ئەنزورۆف بە رەگەز چیچانی بەچەقۆ مامۆستایەکی بەشی مێژوی سەربڕی، دوای ئەوەی مامۆستاکە وێنەی کاریکاتێری پێغەمبەر ئیسلام (د.غ) نیشانی خوێندکارەکانی دابو، روداوەکەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتوەتەوە.

پاش ئەو روداوەش لە وڵاتی فڕەنسا رێگەدرا بە بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلامی (د.خ) لەسەر دیواری باڵەخانەکان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، ئەوەش نیگەرانی مسوڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە و لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتیان و کەسایەتیە سیاسیەکانەوە هێرشکرایە سەر ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا لەناویاندا رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا.

فڕەنسا بە دۆستێکی دێرینی کورد دادەنرێت و پێشتریش لە رۆژئاڤای کوردستان دژی هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە وەستایەوە، کاتێکیش داعش لە عێراق و باشوری کوردستان سەریهەدا لەرێگەی ئاسمانەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی کرد بۆ روبەڕوبونەوەی چەکدارانی داعش، تا کۆتاییهاتنی خەلافەتەکە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.