Home » هەواڵ » کوردستانی » ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە چەند رۆژی رابردودا چەند هێرشێکی تێکدەرانەیان لە هەرێمی کوردستان پوچەڵ کردەوە و چەندین کەسیشیان دەستگیرکرد، کە پەیوەندییان لە گەڵ گروپە تیرۆریستییەکاندا هەیە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشدا، دو پیلان پوچەڵکرانەوە کە یەکێکیان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پلانی بۆ دانرابو، بەڵام خۆشبەختانە بە هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پۆلیس و یٔاسایش و هەواڵگریی و دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان پوچەڵکرانەوە، هەندێک لە پیلانداڕێژەرانی ئەم هەوڵانە، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی عێراق و دانیشتوی وڵاتانی ئەوروپاوە هەیە و لە لایەن ئەوانەوە ئاراستەکراون”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کەس و لایەنانەی کە بڕیار بو بکرێنە ئامانجی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، ئاگادارکراونەتەوە و رێکاریی پێویستیش، لەپێناو پاراستنی دیپلوماتکاران و خاوەنکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکردوە، “دوای لێکۆڵینەوە و بەداوداچونی ورد، هێزەکانی پۆلیس و یٔاسایشی هەرێم، چەندین کەسیان لە پەیوەند بەم پیلانەدا دەستگیرکردوە، لەڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتیش(ئینتەرپۆل)ەوە داوای هەماهەنگیی و هاوکاریی، لە هاوکارە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین بۆ دەستگیرکردنی کەسانی دیکەی تێوەگلاو لەم پیلانەدا”.

ئەوەشی خستوەتەڕو، “لە کەیسی یەکەمدا 12 کەسی گومانلێکراو هەن کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە، هەروەها چەندین کەسی دیکەش تێوەگلاون کە لە چەند وڵاتێک نیشتەجێن لە نێویشیاندا ئەوروپا، کە پیلانی هێرشکردنە سەر کونسوڵگەرییەک لە هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلوماتکارانی ناو کونسوڵگەرییەکە و پەلاماردانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێم داڕشتبو، ئەمە جیا لە هەوڵەکانیان بۆ  پەلاماردان و هێرشکردنە سەر کۆمپانیا و براندە جیهانییەکان و وڵاتانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان”.

لە راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتوە، “لە دوای چاودێریکردنی گروپەکە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بۆ زیاتر لە چوار مانگ، توانرا گیانی چەندین کەس بپارێزرێت و چەندین گومانلێکراویش دەستگیر بکرێن لە نێویاندا دو هاوڵاتی سوری هەن، گومانلێکراوان بەپێی ماددەی 1ی یاسای 21ی ساڵی 2003 روبەڕوی دادگا دەکرێنەوە”.

رونیشیکردوەتەوە، لە کەیسی دوەمدا، دوای زیاتر لە ساڵێک بەدواداچون، تا ئێستا هەشت کەس دەستگیرکراون و هەمویان هاوڵاتی عێراقین، ئەم گروپە هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین کاری توندوتیژییان لە هەرێم بە گشتی و پارێزگای دهۆک بەتایبەتی داوە، هەروەها پلانی هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایشی هەرێمیان داڕشتبو، بەم زوانە گومانلێکراوان، بەپێی ماددەی 1ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 روبەڕوی دادگا دەکرێنەوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، “گروپی سێیەم، دوای بەدواداچون و ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دژەهەواڵگریی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، هێزەکانی پۆلیس توانیان حەوت کەسی گومانلێکراو کە هەر هەمویان هاوڵاتی عێراقین، بە پێی ماددەی 1ی یاسای 21ی ساڵی 2003 و بە بڕیاری دادگا دەستگیربکرێن، بەداوداچونەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوانی دیکە کە بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و سەربازیی لە بارەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی، هەروەها پلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری و دادوەرێکیان دابو، گروپەکە، زانیارییان لە گەڵ چەند لایەنێک لە نێویاندا پەکەکە، ئاڵوگۆڕ کردوە. ئێمە حکومەتە بیانی و دەزگا هەواڵگرییە پەیوەندیدارەکانمان لەم ئۆپەراسیۆنە و یٔەو زانیارییانەی تا یٔێستا بە دەستمان خستون، ئاگادار کردوەته‌وه‌”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.