Home » هەواڵ » عێراق » “ئەگەر پارتی و حكومەتی عێراق بیانەوێت رێككەوتنی شنگال بەسەر ئێمەدا بسەپێنن ئەوا بەچەك روبەڕویان دەبینەوە”
خاڵ عەلی

“ئەگەر پارتی و حكومەتی عێراق بیانەوێت رێككەوتنی شنگال بەسەر ئێمەدا بسەپێنن ئەوا بەچەك روبەڕویان دەبینەوە”

خاڵ عەلی، فەرماندەی فەجی لالش رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بە رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بەغدا ناودەبات و هێرشی توندیش دەكاتە سەر پارت. ئەو دەڵێت: ئەگەر پارتی و حكومەتی عێراق بیانەوێت رێككەوتنی شنگال بەسەر ئێمەدا بسەپێنن ئەوا بەچەك روبەڕویان دەبینەوە.

خاڵ عەلی، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فوڕات نیوزی سەربە پەكەكە، رێككەوتنی شنگالی بە “رێككەوتنێكی ئەمریكی” ناوبردوەو وتویەتی”پارتی دیموکراتی کوردستان بە کرێگێراوی ئەمریکا و ئیسرائیلە، منداڵێکی نازداری ئەمریکان، بەهەمان شێوە حکومەتی ئێستای عێراقیش سیاسەت و بەرنامەی ئەمریکا بەڕێوەدەبات.”

خاڵ ئەوەشی خستۆتەڕو”ئێزدی لە پێشتر قوربانی بون و دەیانەوێت ئیستاش هەر بیانکەنەوە بە قوربانی، ئێمە وەک گەلی ئیزدی قبوڵ ناکەین هیچکات ببینە قوربانی، ئێمە لەو ڕێککەوتنانە بەهێزترین، ئەوان وای دەبینن کە ئیزدی بێ خاوەنن، بێ سیاسەتن و بێ هێزن، بەڵام لە ڕاستیدا وانیە ئیزدیەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتوە، ئێزدیەکان لەدوای ئەوەی چەند جارێک فرۆشران ئیدی ئیستا تێگەیشتون و دەتوانن خۆیان بپارێزن.”

خاڵ عەلی جەختی كردۆتەوە، کە ئەوان پەیوندییان بەوەوە نییە کە باس لەوە دەکرێت سیاسەتێکی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، کە دەڵێن، ئەوە بۆ لە ناوبردنی هیلالی شیعەیەو ئەوەشی وتوە”ئەوانە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئێمە گەلی خۆمان دەپارێزین، قبوڵی ناکەین ئیزدی ببنە قوربانی و ئیزدیەکان بۆ فرۆشتن نین.”

خاڵ عەلی ئاماژەی بەوەش کردوە، دەسەڵاتدارەکان وا بیر لە شنگال دەکەنەوە کە ناوچەیەکی چیایی گرنگ و ستراتیژییە و سوریا و عێراق بەیەک دەبەستێتەوە و بۆ ئەوە شەڕی لەسەر دەکەن و دەیانەوێت داگیری بکەن و وتویەتی”بەڵام ئێمە وا بیری لێ ناکەینەوە، ئێمە دەڵێین، ئێوە ئێمەتان فرۆشتوە، تەعاداتان لە ئێمە کردوە، ئیتر ئێمە ئێوە قبوڵ ناکەین، ئێمە پارتی دیموکراتی کوردستان و پێشمەرگەکانی قبوڵ ناکەین بۆ ئەوە بێنەوە ئێمە بفرۆشنەوە.”

خاڵ عەلی فەرماندەی فەوجی لالەش لە شنگال وتوشیەتی”ئێمە لەسەر ناوی هیچ پارتێکی سیاسی قسە ناکەین، لەسەر ناوی ئیزدی قسە دەکەین و دەڵێین، هیچ دەسەڵاتێکی حکومەت لە دەسەڵاتی گەل بە هێزتر نییە، ئەو کەسەی بوەتە حکومەتیش گەل ئەوانی کردوەتە دەسەڵات، ئێمە دەنگمان داوە و ئێمە ئەوانمان گەیاندوەتە ئەو قۆناغە، ئەگەر حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان بە هێز بیانەوێت ئەو ڕێککەوتنە بەسەر ئێمەدا بسەپێنن ئەو کاتە ئێمە بە ناوی گەلی ئیزدییەوە بە چەک لە پێشیان ڕادەوستین، ئەگەر چەندە قوربانیش بدەین ناگەتە هێندەی ئەو کەسانەی کە چەکدارەکانی پارتی ڕادەستی داعشیان کردن و بە کوشتی دان و ئێمە شەڕ دەکەین و حەقی خۆمان وەر دەگرین.”

خاڵ عەلی لە کۆتایی قسەکانیدا وتویەتی”ئەو ڕێککەوتنە دەبێت هەڵبوشێتەوە، پارتی دەیەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی کاردانەوەی گەلی ئیزدی بزانێت، ئێمە ئەو کاردانەوەیان پیشان دەدەین، ئێمە هەم ڕەتی دەکەینەوە هەم بە کرداریش پیشانیان دەدەین، ئەگەر دەتوانن بگەڕێنەوە بابێن، ئەگەر برای خۆشم لە ناو ئەو ڕێککەوتنەدا بێت و لەگەڵ پارتی بێت و چەکداری ئەوان بێت، ئەگەر بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە پێش هەمو کەس لەگەڵ براکەی خۆم شەڕ دەکەم.”

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.