سەرۆككۆماری عیراق ڕایدەگەیەنێت ، جەنگی دژ بە تیرۆر بەردەوامە و پێویستە هێزە ئەمنییەكان ھەوڵەكان یەكبخەن بۆ رێشەكێشكردنی پاشماوەكانی تیرۆر، دەشڵێـت،” هێزە ئەمنییەكان بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە لە سوپا و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ڕۆڵی گەورەیان لەراوەدونانی پاشماوەكانی داعش هەبووە”.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی یەكەمی 2020 بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمار پێشوازی كرد لە فەریقی یەكی ڕوكن عەبدول ئەمیر یارالله، سوپاسالاری عیراق لە دیدارێكدا جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان سوپا و پێشمەرگە بۆ رێشەكێشكردنی تیرۆر كردووە.
سەرۆككۆمار دەستخۆشی كرد لە هێزە ئەمنییەكان بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە بە سوپا و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە راوەدونانی پاشماوەكانی گروپی تیرۆرستی داعش، كە مەرامیانە ئاسایش و ئارامی وڵات بشێوێنن ، هاوكات ئاماژەشیكرد بۆ ئەوەی كە جەنگی دژ بە تیرۆر بەردەوامە و پێویستە هێزە ئەمنییەكان هەوڵەكان یەكبخەن بۆ رێشەكێشكردنی پاشماوەكانی تیرۆر.
سەرۆك كۆمار جەختی لە پێویستی پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و پارێزگاریكردن لە دامەزراوە حكومی و نێردە دیبلۆماسییەكان و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەپاندنی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان كردەوە.
لەلای خۆیەوە سوپاسالاری عێراق سوپاسی سەرۆك كۆماری كرد بۆ بەدواداچوون و پشتیوانیكردنی دەزگاكانی ئاسایش لە بەجێگەیاندی ئەركەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەپاندنی یاسا و دابینكردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتیان، هەروەها وردەكاریەكی لە بارەی پرۆسە سەربازییەكانی ئێستا كە بۆ راوەدونانی پاشماوەكانی داعش بەڕێوەدەچێ خستەروو.