سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت، كە پێویستە پۆستی سەرۆك وەزیران لای شیعە بمێنێتەوە و هاوكات نوری مالكی بە “سەركردەیەكی سەركەوتوو” وەسف دەكات.
بەنگین ڕێكانی، وەزیری پێشووی ئاوەدانكردنەوەی عیراق لە كابینەی عادل عەبدولمەهدی لە لێدوانێكیدا، كە ئاژانسی (المعلومە)ی عیراقی بڵاویكردۆتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق لای شیعە بمێنێتەوە و لە ماوەی داهاتووشدا سوننە و كورد پۆستەكانی سەرۆكی پەڕلەمان و سەرۆكی كۆمار ئاڵوگۆڕ بكەن.
ڕاشیگەیاندووە، كە سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق (نوری مالكی) سەركردەیەكی زۆر سەركەوتووبوو، بەڵام تیمێكی كاری باشی لەگەڵ نەبوو.
ڕێكانی وتوشیەتی، “هادی عامری ئەو گرێ دەرونییەی نییە، كە 90%ی سیاسییەكان بەدەستیەوە دەناڵێنن” و بۆ ئەوەش وەسفی عامری دەكات لە ئیدارەدانی وەزارەتی گواستنەوە.