Home » هەواڵ » کوردستانی » جەبار یاوەر: تا ئێستا داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان هەیە
جەبار یاوەر

جەبار یاوەر: تا ئێستا داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان هەیە

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، تا ئێستا  داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان هەیە، ئەوان پێشتریش بڕوایان وابوە کە داعش کۆتایی نەهاتوە، بەڵکو تەنها “دەوڵەتەکەیان” کۆتایی هاتوە و خۆیان رێکدەخەنەوە بۆ کردەی تیرۆریستی لە شێوازی جیاجیادا.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی راگەیاند، “دوای ئەوەی کە حکومەتی عێراق لە سەردەمی حەیدەر عەبادی سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا راگەیاند و تەواوی شار و گوندەکانی عێراقیان لە تیرۆریستان پاککردەوە، ئێمە ئەوکاتە گوتمان کە داعش کۆتایی نەهاتوە، بەڵکو تەنها دەوڵەتەکەیان لەناوچوە، بەناو دەوڵەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە شام و عێراق، کە ناوەندەکەی لە موسڵ بو، دوای ئازادکردنی ئەو پارێزگایە (نەینەوا) لەدەستیان، ئیمارەتەکەیان هەڵوەشایەوە، ئێمە وامان باس کردوە کە بۆ ماوەیەک لاواز دەبێت، بەڵام دواتر ئەگەری هەیە سەرلەنوێ دەست بکەنەوە بە کردە تیرۆریستییەکانیان، پێشبینیەکەی ئێمە راست دەرچو”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاماری 2018یان لایە کە نزیکەی 456 کردەی تیرۆریستیان ئەنجامداوە، لەهەمو ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەت لە دیالە، سەڵاحەددین، کەرکوک، قەرەچوغ و دەشتی نەینەوا، بەهەمان شێوە لە 2019دا، نزیکەی 300 کردەی تیرۆریستیان هەبوە، ئەم چەند مانگەی پێشتریش لە سەرەتای 2020ەوە تا ئێستا نزیکەی 200 کردەی تیرۆریستیان هەیە، بۆیە داعش لەناونەچوە تاوەکو سەرهەڵداتەوە، بەڵکو داعش شێوازی کردەی تیرۆریستیی خۆی گۆڕیوە، لەبری شەڕی بەرەیی، شێوازی پارتیزانی بەکار دەهێنێت.

جەبار یاوەر باسی لەوەشکرد، لە دو رۆژی رابردودا کە پەلاماری حەویجەیان داوە، هێزێکی نوێ لە پۆلیسی فیدڕاڵی لەو ناوچەیە جێگیر کرابون، ئەوانیش ویستویانە ئەو هێزە تازە جێگیرکراوەی پۆلیسی فیدڕاڵی تێکبشکێنن و ناوچەکەیان پێ چۆڵ بکەن، چونکە ئەو ناوچەیە شوێنی تەراتێنی ئەوانە (تیرۆریستانی داعش)، بەتایبەت حەویجە، ریاز و عەباسییە، ئەو ناوچانەی کە دەکەونە باشور و رۆژئاوای کەرکوک، ئەم ناوچانەش پێشتر بە شەڕ ئازاد نەکراون لەدەستی داعش، خۆیان چۆڵیان کرد، واتە خەڵکی ناوچەکە زۆریان هەبوە، چەکداری تیرۆریستانی داعش بون، بڵاوەیان پێکردوە لەو ناوچانە، تا ئێستا ماون، رەنگە بەڕۆژ جوتیار بن، بەشەو تیرۆریستی داعش بن، ئەمانە خەڵکی ناوچەکەن و شارەزای ناوچەکەن.

ئەوەشی خستەڕو، تا ئێستا هەماهەنگیەکی تەواویان نییە، تەنها خۆی لە ئاڵوگۆڕی زانیارییدا دەبینێتەوە، یان لەکاتی دروستبونی گرژیی و ئاڵۆزییەکاندا پەیوەندی دەبێت، یان لە شێوەی کۆبونەوە چەند کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدرێت، ”پرۆسەیەکمان هەیە بۆ هەماهەنگی کە لە سێ بابەت پێکدێت، لەوانە دروستکردنی ناوەندی هەماهەنگی لەنێوان ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە کەرکوک، دیالە، هەولێر و نەینەوا، دواتر دروستکردنی هێڵی هاوبەش بۆ پارێزێگاریکردن لە ناوچەکان، بەتایبەت لە خانەقین-ەوە تا رەبیعە، خاڵی سێیەمیش ئەوەیە کە هەوڵ دەدەین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش ئەنجام بدەین، ئەمانە لە پرۆسەی کاری هەماهەنگیدا قسەیان لەسەر کراوە و لێکتێگەیشتنمان هەیە بۆی لەهەردولاوە، بەڵام وەک پرۆسە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە”.

لەبارەی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە عێراق و جێگیربونیان لە هەرێمی کوردستان جەبار یاوەر وتی، “تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ جێگیرکردنی هێزێکی دیارییکراو لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر لە دوارۆژدا بڕیار بدرێت کە ئەو هێزانەی لە عێراق دەکشێنەوە لە هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێن ئەوا دەبێت لەسەرەتادا رێککەوتن هەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا، پاشان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن بکرێت، چونکە لە روی یاسایی و دەستورییەوە، هەرێمی کوردستان مافی ئەنجامدانی رێککەوتنی سەربازیی و ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا نییە، تا ئێستا تەنها بڕیار دراوە بۆ کشانەوەی هێزەکان، بەڵام هیچ کردەیەکی کشانەوە دەستی پێنەکردوە، بەڵام بێگومان کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا زیان دەگەیەنێت، بە هەرێم و عێراقیش، ئێمە پێمان باشە بمێننەوە”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.