Home » ئابوری » جەمال کۆچەر: تا ئێستا موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی عێراق دابیننەکراوە
موچە

جەمال کۆچەر: تا ئێستا موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی عێراق دابیننەکراوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمان ناتوانێت دەنگ لەسەر قەرزکردنی رەها بدات. دەشڵێت، وا کۆتایی مانگە و موچەی فەرمانبەرانی عێراق تەمویلنەکراوە و ئەوەش رەنگە بەمانای دواکەوتنی دابەشکردنی بێت.

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، ناکرێت پەرلەمان دەنگ لەسەر یاسای قەرزکردنی رەها بدات و رێگەبدات بە حکومەت هەرکات ویستی قەرز بکات. ئەوەشی خستەڕوو، رێگەدان بە قەرزکردن لێکەوتەی چاوەڕواننەکراوی لێدەکەوێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “رێگەدان بە حکومەت بۆ قەرزکردن رێگە خۆشدەکات بەبێ چاودێریکردن هەرکات ویستی قەرزبکات، هەربۆیە پێویستە کات و بڕەکەی دەستنیشان بکرێت و مەرجی بۆ دابنرێت”.

باسی لەوەشکرد، تا ئێستا موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی عێراق دابیننەکراوە، دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای قەرزکردنیش پێویستی بە کاتە و بەوەش ئەگەری دواکەوتنی دابەشکردنی موچە لە ئارادایە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، پابەندن بە دابەشکردنی موچە و لە هەوڵی دانانی نەخشەرێگایەکن بۆ دابینکردنی خەرجییە سەرەکییەکانی سێ مانگی داهاتووی ئەمساڵ.

لە ماوەی رابردوودا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی موچەخۆرانی هەرێمی هاوتەریبی لیستی موچەی فەرمانبەرانی عێراق کردەوە و رایگەیاند، لەسەر خواستی بەغدا بووە و بە مەبەستی دابەشکردنی موچەیە لە هەمان کاتی دابەشکردنی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵیدا.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.