Home » هەواڵ » کوردستانی » حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە

نوسینگەی رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان رایگەیاند، رێکخراوی هیومان رایتس ۆوچ سەبارەت بە ئازادی لە هەرێمی کوردستان “چەواشەکاری بڵاودەکاتەوە” و دەیەوێت ڕای گشتی بە لاڕێدا ببات.

نوسینگەی رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ هیوای کورد نێردراوە رایگەیاندوە، 6ی ئۆکتۆبەری 2020، ڕێکخراوی هیومان رایتس ۆوچ  هەواڵێکی شیکاری لەسەر داخستنی نوسینگەی کەناڵی ئێن ئار تی لە هەرێم بڵاوکردەوە، لە هەواڵەکەدا، “ڕێکخراوەکە چەند تۆمەتێکی بێ بنەمای خستوەتەڕو”، گوایە حوکمەتی هەرێم ئازادی ڕادەربڕینی بەرزەفت کردوە”.

ئەوەشی خستەڕو، “هیومان ڕایتس ۆوچ دەیەوێت رای گشتی بە لاڕێدا ببات، وەزارەتی ڕۆشنبیری، پێشتر ئاماژەی بە لایەنە یاساییەکانی داخستنی ئۆفیسەکانی کەناڵەکە داوە، لە مانگی شەشی ئەم ساڵەوە چەندان هۆشداریان بۆچوە، کە دەست هەڵگرن لە چەواشەکاری و بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما و هاندانی خەڵکی بۆ شکاندنی ڕێنماییەکانی دوری کۆمەڵایەتی لە دەمی مەترسی کۆرۆنا، ئەم هۆشدارییانە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و داواکاری گشتیەوە ئاڕاستەکراون”.

نوسینگەی رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان رونیکردەوە،  یاساکان ڕون و ئاشکران، بە گوێرەی ڕێنمایی ژمارە (2)، پشتئەستور بە یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 2010، هەر دەزگایەکی میدیایی لە هاندانی گێرەشێوێنی و بڵاوکردنەوەی دڵەڕاوکێ و توندوتیژی تێوەبگلێت، ئەوا وەزارەتی ڕۆشەنبیری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرێتەبەر، سزایەکە لە داخستنی کاتی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر دەستپێدەکات، لە کاتی دوبارەبونەوە داخستنەکە بۆ یەک هەفتە درێژدەکرێتەوە، لە هۆشداری سێیەمەوە، وەزارەتی ناوبراو بۆی هەیە مۆڵەت لە کەناڵی لادەر لە یاسا وەربگرێتەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.