هاوسەرۆکی دەسەڵاتی تەندروستی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، 80 توشبوی نوێی کۆرۆنا دەستنیشانکراون و دو کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
جوان مستەفا، هاوسەرۆکی دەسەڵاتی تەندروستی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 80 توشبوی نوێی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، کە 39 کەسیان لە رەگەزی نێر و 41 کەسیشیان لەرەگەزی مێ بون، دو کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان لە قامیشلۆ و ئەو دیکەیان لە عاودا بوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، 17 نەخۆشی چاکبونەتەوە و ڤایرۆسەکەیان پەڕاندوە.
بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی تەندروستی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، تا ئێستا هەزار و 919 توشبوی کۆرۆنا تۆمارکراون و 503 نەخۆش لە ژێر چاودێریدان و 71 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.