Home » هەواڵ » کوردستانی » دواین زانیاری سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی
بزوتنەوەی ئیسلامی

دواین زانیاری سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی

بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتو بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان کۆنگرەی 12یەمی خۆی ببەستێت و کادرێکی ئەو حزبەش رایگەیاند، دور لە ترس، دۆڕان و كۆرۆنا، نامومكینە كۆنگرە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا نەكرێت، بۆیە پێویست دەکات بزووتنەوە بە ڕیفۆرمێكی سەردەمییانە لە دوای كۆنگرە ببینەوە .

ئاری عەبدولـلەتیف، سەرۆکی پێشوی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆنگرەی 12ـی حزبەکەی باسی لەوەکردوە، “بێ گەڕانەوە و پشتبەستن بە دوێنێ و مێژوی ڕابردو، بێ ھەڵچنینی خەونی ئایندەی نەھاتو، دور لە ھەنگاوی تەشریفاتیی و سیاسەتی موماتەڵە و خۆخواردنەوە و ڕەحمكردن بە درێژەدان بە مەفسەدەی كار، 2020/11/1 كۆنگرەی (12)ی بزوتنەوەی ئیسلامیی دەبەسترێت و بە پاكێجی ئەمڕۆسازییەكی جۆرییەوە، بڕیارێكی جەریئانە لە چارەنوسی ئێستای دەدرێت لە لایەن دوادەسەڵاتی ئەندامانی پاڵێوراوی ناو كۆنگرەوە”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، “ئەگەر ئەندامان، بە ھۆشیارییەكی بێ لام و جیمەوە، بە تێپەڕاندنی عەواتیف و مەحسوبییەت و مەنسوبییەتەوە، بە فۆكس لەسەر دانان لەسەر برین و زەخمە ئۆرگانییەكان و پەنجەی تیمار وەردان لەسەریان، ساتەوەختی گەرمی كۆنگرە، وەك دكتۆرێكی خودان زانست و ئەزمونی بێ ڕەحم، ھەستن بە ئەدای ئەسڵی خۆیان، بێ گومان كۆنگرەكە، بونیاد و ئەمڕۆیی دەبێت و بە نێتی دوانزەی ڕەبیعەوە، دوانزە خشتی ڕۆنانكار دادەنێن و ئەم حیزبە لەم نائۆرگانیی و ناسیستەمیی و بێ مەركەزییەتە قوتار دەكەن”.

ئەو کادرەی بزوتنەوە باس لە گرنگی نوێکردنەوەی کارنامە و سەرکردایەتی حزبەکەی دەکات و لەم بارەیەوە نوسیویەتی، “ئەگەر لە بری سەدان ئەندام تەنانەت دوانزە پارادایم بێنە ناو ھۆڵی كۆنگرە، لەوە خاترجەمم كە ھەیكەلی بزوتنەوە بە ڕیفۆرمێكی سەردەمییانەوە لە دوای كۆنگرە دەبینینەوە، پلانی ئەی و بییش سەری نەگرت، پلانی سیی پیادە بكەن، كە خۆی دەبینێتەوە لە ڕادەستكردنی بزوتنەوە بە ھەر زەید و عەمرێك كە بزوتنەوەن و ڕیكلامیش بۆ دڵسۆزایەتیی بێتام ناكەن”.

ئەوەشی خستوەتەڕو، دور لە ترس و دۆڕان و كۆرۆنا، نامومكینە كۆنگرە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا نەكرێت، كات زو نییە و گرنگە، شوێنیش ناگرنگ ئەگەر لە مزگەوتی دورە دێیەكیشدا بێت.

بزوتنەوەی ئیسلامیی لەسەرەتای دروستبونییەوە تا ئێستا هەر چوار ساڵێک کۆنگرەی خۆی بەستوە، پێشوتریش عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاندبو، “من بەنیاز نیم خۆم کاندید بکەمەوە و هەر کەسێک رابەری بزوتنەوەی ئیسلامیی بێت، کێشە نییە، من بۆخۆم بەرنامەیەکی دیکەم هەیە کە خەریکی سەنتەرێکی ستراتیجیم و کاری تیادا دەکەم، لەماوەی ئەو هەشت ساڵەی رابەری بزوتنەوەم ماندوبوم و ریشم تیاییدا سپی کرد، بەنیازم لە ئایندەدا بەرنامەی خۆم بگۆڕم و خۆم یەکلایی دەکەمەوە بۆ شتی فەرهەنگی و سیاسیی”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.