Home » هەواڵ » جێهان » دوایین دیبەیتی نێوان ترەمپ و بایدن بەڕێوەچوو
دیبەیتی نێوان ترەمپ و بایدن

دوایین دیبەیتی نێوان ترەمپ و بایدن بەڕێوەچوو

دوەم و کۆتا دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا كاتژمێر 6:00-ی ئێوارە  بەكاتی ئەمریكا لەزانكۆی بێلمۆنت و بە چەند ڕێسایەکی نوێوە بەڕێوەچو، بۆ ڕێگەگرتن لەوەی هەردو کاندید قسە بە یەکتر ببڕن، تەنها مایکی ئەوەیان دەکرایەوە کە سەرەی قسەکردنی بو.

لەو دیبەیتەدا کە هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان و جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان روبەڕوی یەکتربونەوە بۆ تاوتوێکردنی چەندین تەوەر لەوانە، پرسی کۆرۆنا، دەستێوەردانی دەرەکی لەهەڵبژاردنەکان، پرسی پەنابەران، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ چین و چەندین تەوەری دیکە.

لەبارەی کۆرۆناوە، بایدن رەخنەی ئەوەی لەترەمپ گرت کە مەترسی ڤایرۆسەکەی وەک خۆی نەناساندوە و روبەڕوی نەبوەتەوە، تەنانەت نەیتوانیوە دەمامک بۆ هاوڵاتیان دابینبکات، لەبەرامبەردا ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد بەستراتیژێکی بەهێز روبەڕوی بونەتەوە و هەر لەسەرەتاوە گەشتی چینییەکانی بۆ ئەمریکا راگرتوە.

ترەمپ وتیشی، کۆتایی ئەمساڵ ڤاکسینی کۆرۆنا بەرهەمدەهێنرێت و ڤایرۆسەکە نامێنێت، خۆمانی لەگەڵ دەگونجێنێن، لەبەرامبەردا بایدن رەخنەی ئەوەی گرت کەخەڵکی فێرنابن بۆ ئەوەی لەگەڵ ڤایرۆسەکە بژین بەڵکو فێردەبن بۆئەوەی چۆن لەگەڵی بمرن، سەدان هەزار کەس بەهۆیەوە مردون.

لەبارەی چاودێری تەندروستی، بایدن وتی، خەڵک مافی خۆیانە سیستمێکی چاودێری تەندروستییان هەبێت کەبتوانن تێچوەکەی بدەن، بۆئەوەش بەرتامەی چاودێری ئۆباما(ئۆباما کێر) باشترین پرۆپۆزەڵە کە زیندوی دەکاتەوە.

لەبەرامبەردا، ترەمپ رەخنەی لەو بەرنامەیە گرت و رایگەیاند، هیچ سودێکی بۆ خەڵکی ئەمریکا نەبوە، ئەو جێگرەوەیەک بۆ ئەو بەرنامەیە بەباشترین شێوە دادەنێت، هەرچەندە لەماوەی چوار ساڵی رابردودا نەیتوانیوە ئەو پلانە تەندروستییە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەبارەی دەستێوەردانی دەرەکی لەهەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، بایدن وەک ئاماژەیەک بۆ دەستێوەردانی روسیا، چین و ئێران رایگەیاند، ئەگەر من ببمەوە بەسەرۆک هەر وڵاتێک دەستێوەردان بکات باجەکەی دەدات چونکە ئەم بابەتە پەیوەندی بە سەروەری خاکی ئەمریکاوە هەیە.

لەبەرامبەردا ترەمپ رایگەیاند کە ئاگادارکراوەتەوە چەندین هەوڵ هەیە بۆئەوەی دەستێوەردان بکرێت و ئاماژەی بە پێشبینییەکی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی کرد کە روسیا و ئێران دەیانەوێت کێشە بۆ کاندیدکردنی ترەمپ دروستبکەن، وتیشی، بەتوندی روبەڕوی ئەو دەستێوەردانانە دەبنەوە.

لەبارەی گەندەڵییەوە، ترەمپ رایگەیاند، بایدن بەرژەوەندی لەگەڵ چین هەیە و دەیان ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت، کوڕەکەی و زاواکەی لەئۆکرانیا سودیان لەپێگەی بایدن وەرگرتوە وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بازرگانییان کردوە، لەبەرامبەردا بایدن وتی، ئەو یەک پێنس سودی لەچین و هیچ وڵاتێکی ترە وەرنەگرتوە و بازرگانی نەکردوە، بەڵکو ئەوە ترەمپە بازرگانە و حساب بانقی لەچین هەیە و دەیان پرۆژەی لەچین و روسیا هەیە.

لەبارەی پەنابەرانەوە، ترەمپ و بایدن لەسەر پرسی جیاکردنەوەی منداڵان لەسەر سنورەکان لەدایک و باوکیان رەخنەی توندیان لەیەکتری گرت، ترەمپ وتی ئێستا ئاسایشی سنورەکان پارێزراوترە، دیوارەکە بەشێکی زۆری تەواوبوە، خەڵک کەمتر بەنایاسایی دێنە ناو خاکی ئەمریکا، لەبەرامبەردا بایدن وتی، ترەمپ هەزاران منداڵ لەدایک و باوکیان جیاکردۆتەوە و هیچ پلانێکیشی بۆ بەیەکگەیاندنەوەی ئەو منداڵانە و دایک و باوکیان نیە، ترەمیش رەخنەی ئەوەی گرت کە ئۆباما و بایدن پەنابەرانیان حەپسکردوە و نەیانهێشتوە بچنە دەرەوە.

لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆریای باکور، ترەمپ وتی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کیم جۆن ئون هەیە، ئەو پەیوەندییە باشە وایکردوە شەڕ دروستنەبێت، چونکە دیموکراتەکان ویستویانە شەڕبکەن لەگەڵ ئەو وڵاتە، لەبەرامبەردا، بایدن وتی ئەو پەیوەندییە بوەتەهۆی ئەوەی ئێستا کۆریای باکور خاوەنی موشەکی باشتر و بەهێزترە، موشەکی هەیە بەئاسانی دەگاتە ناو خاکی ئەمریکا و دەشتوانێت کڵاوەی ئەتۆمی لێ ببەستێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.