روانگەی عێراق بۆ مافەکان مرۆڤ، کە رێکخراوێکی سەربەخۆیە، داوای لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کرد، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دۆسییەی خۆپیشاندەران رابگەیەنێت.
ئەمڕۆ پێنچشەممە، روانگەی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیداهاتووە، “ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراق کە لە هەفتەی یەکەمدا ١٠٠ خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستدا و حکومەتی عادل عەبدولمەهدی بەڵینیدا تاوانباران سزابدات، بەڵام هیچی نەکرد و دەستیلەکارکێشایەوە”.
راشیگەیاند، “کاتێک حکومەتەکەی عەبدولمەهدی هیچ هەنگاوێکی نەنا بەرامبەر تاوانباران، بکوژانی خۆپیشاندەران بەردەوامبوون لە دەستدرێژییەکانیان و زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە حکومەتەکەی کازمی هاوشێوەی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی بەڵێنیدا لێکۆڵینەوە بکات و ئەنجامەکەی رابگەیەنێت، بەڵام تائێستا ئەوکارەی ئەنجامنەداوە، لەکاتێکدا ئەم دۆسییەیە لە دیارترین ئەو دۆسیانەیە کە ئەم حکومەتەی لەسەر دامەزراوە.
راونگەی عێراقی داواکارییەکەی دووپاتدەکاتەوە و داوا لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرابکات، روانگەکە ئومێدەوارە بەم نزیکانە ئەو هەنگاوە بنرێت، ئەگەر وانەکرێت ئەوا مافی خۆپیشاندەران جارێکی تر دوادەخرێتەوە و کاری جدی بۆ ناکرێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا، روانگەی مافی مرۆڤی عێراقی دەڵێت، “رانەگەیاندنی ئەنجامەکان و لێنەپرسینەوەی بکوژانی خۆپیشاندەران، دەستخەرۆکردنێکی گەورەی خۆپیشاندەران و هەموو عێراقە و رێگە بۆ بکوژان خۆشدەکات بەردەوامبن لە ئەنجامدانی تاوانەکانیان.”