Home » هەواڵ » عێراق » راوێژكارێكی كازمی: ڕەنگە نەتوانین تا 10 ساڵی دیكە هەڵبژاردن ئەنجام بدەین
حوسێن هینداوی

راوێژكارێكی كازمی: ڕەنگە نەتوانین تا 10 ساڵی دیكە هەڵبژاردن ئەنجام بدەین

ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشێك لە لایەنەكان بە هەوڵدان بۆ پەكخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە تۆمەتباردەكات و دەشڵێت، “ڕەنگە نەتوانین تا 10 ساڵی دیكە هەڵبژاردن ئەنجام بدەین”.

حوسێن هینداوی، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانییدا وەك ئاماژەیەك بۆ پەسەندنەكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان وتی، “ئەگەر رەوشەكە بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت، ڕەنگە نەتوانین تا 10 ساڵی دیكە هەڵبژاردن ئەنجام بدەین”.

ئاماژەی بەوەشدا كە هەندێك لایەنی سیاسیی هەوڵ دەدەن ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پەكبخەن و لەئێستادا ناكۆكیی و ململانێ لەسەر كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەیە.

لەئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە كە لە ساڵی ڕابردووەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، پەسەند نەكراوە.

پێشتر مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكرد و بەڵێنی ئەوەیدا كاربكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.