Home » هەواڵ » عێراق » “رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی شنگال رەتدەكەینەوە”
شنگال

“رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی شنگال رەتدەكەینەوە”

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال، رێككەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی قەزاكە رەتدەكاتەوەو بە “بڕیاڕێكی سیاسی” دەزانێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە سبەی یەكشەممە لە ناوەندی شنگال خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت.

حەسۆ ئیبراهیم، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە”بەهیچ شێوەیەك هیچ رێككەوتنێك قبوڵناكەین ئەگەر رای خەڵكی شنگال وەرنەگیرێت، ئەمەی كراوە بڕیارێكی سیاسییەو زۆربەی خەڵکی شنگال ئاگادارنین.”

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال، ئەنجومەنێكە بۆ ئیدارەدانی قەزای شنگال پێكهێنراوەو بیروبۆچونیان نزیكە لە پەكەكە-وە، هاوكات ژمارەیەك حزب و لایەنی سیاسی ئێزیدی و عەرەبی تیایدا بەشدارن و لە ئێستادا ئیدارەی قەزاكە دەدەن.

هەینی 9ی ئەیلول، هەردو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لەڕوی ئەمنی، ئیداریی و گەڕانەوەی ئاوارەكان.

بەپێی رێككەوتنەكە ئیدارەیەكی نوێ بۆ قەزاكە دادەنرێت، دۆسیەی ئەمنی ناو شار دەدرێتە دەست پۆلیسی ناوخۆیی و هێزە چەكدارەكانیش بەدوری 5 كیلۆمەتر لە دەرەوەی ناوەندی شنگال جێگیردەبن. هەروەها پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ قەزاكە دەگەڕێتەوە و كار بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكانیش دەكرێت.

حەسۆ ئیبراهیم، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال جەختیكردەوە “تا ئێستا شنگال بەبێ بونی دام و دەزگای حکومی، ئیدارەی خۆمان كردوەو خۆمان بەڕێوەی دەبەین، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی شنگال كۆبونەوەمان كردوەو هەموان دژی ئەو رێككەوتنەین… تا رای خەڵکی شنگال وەرنەگیرێت هیچ ئیدارەیەكی نوێ ناتوانێت دەستبەكاربێت.”

بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لە ناوەندی شنگال سبەی یەكشەممە 11ی ئەیلول خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت لە دژی رێككەوتنەكەی هەرێم و بەغدا.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، بۆچونی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، ئەوەیە خۆیان لە خەڵكی قەزاكە جیاناكەنەوەو بڕیاری خەڵكی شنگال بڕیاری ئەوانیشە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە یەبەشە بە (كەركوك ناو)ی وت “ئەگەر خەڵکی شنگال لە دژی رێکەوتنەکە بێت، ئەوانیش رێکەوتنەکە قبوڵناکەن.”

بڕیارە هەر ئەمڕۆ شەممە، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال لە راگەیەنراوێكدا هەڵوێستی خۆیان بەڕەسمی لەسەر رێككەوتنەكە رابگەیەنین.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.