تەنیا چەند رۆژێکی کەم بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ماوە و هێشتا رووداوی کوشتنی جۆرج فلۆید لە بیری خەڵکی نەچووەتەوە، دووبارە بەهۆی کوشتنی رەشپێستێکی دیکەوە لەسەر دەستی پۆلیسی شاری فیلادلفیای سەر بە ویلایەتی پێنسلڤینیا، خۆپیشاندان و توندوتیژی دروستبووەوە.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووتەوە، هاوڵاتییەکی رەشپێستی ئەمریکی بە ناوی واڵەتر واڵاس بە دەستی پۆلیسی شاری فیلادلفیای سەر بە ویلایەتی پێنسلڤینیا کوژراوە و پۆلیسیش دەڵێت، کوژراوەکە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی پۆلیس و رەتیکردووەتەوە خۆی بەدەستەوە بدات و بەوهۆیەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
هاوکات، شاکا جۆنسن، پارێزەری خانەوادەی کوژراوەکە بە میدیاکانی ئەمریکای راگەیاندووە، “لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە دەکەین و واڵاس نەخۆشیی دەروونی هەبووە و بە ناڕەوا کوژراوە.”
دوای کوژرانی ئەو رەشپێستەش، دووبارە روبەڕوبوونەوە لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا روویداو بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، لە روبەڕوبوونەوەکاندا ٣٠ پۆلیس برینداربوون و ٩١ کەسیش بە تۆمەتی تاڵانکردن و سووتاندنی فرۆشگەکان دەستگیرکراون.
جۆرج فلۆید پیاوێکی رەشپێشتی ئەمریکی بوو، رۆژی دووشەممە ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٠، لەبەردەم دووکانێک لە شاری مینیاپڵس لە ویلایەتی مینیسۆتا لە ئەمریکا لەژێر قاچی پۆلیسێکی سپیپێست گیانی لەدەستدا و ئەو رووداوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
هاوکات، بڕیارە لە رۆژی ٣ی مانگی داهاتوو، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و ئەو رووداوەش کاریگەریی لەسەر دەنگدانەکە دەبێت.