قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كار بۆ ڕێكخستنی نۆرینگەكان و نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەكرێت و هەلی كاریش بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی بەشە تەندروستییەكان دەرەخسێنرێت.
لەسەر داوای قائیمقامی سلێمانی و سەندیكای كارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانە ئەهلییەكان و نۆرینگەكانی ددان و تاقیگە و گیا دەرمانییەكان دەرچووانی دانەمەزراوی بەشە پزیشكییەكان دەخەنە سەركار، لە كۆبوونەوەكەدا ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، كاری لیژنە هاوبەشەكان بۆ هاوكاریكردنی كەرتی تەندروستییە و لە ئایندەدا دووەم لیژنەی تەندروستی دروست دەكەین تایبەت بە نەخۆشخانە ئەهلییەكان و تاقیگە و نۆرینگە پزیشكییەكان.
وتیشی”ئامانجی ئێمە بەرزكردنەوەی كوالێتی كەرتی تەندروستیی و خزمەتكردنی خەڵكی خۆمانە بەكەمترین تێچووی ماددی لەسەر هاووڵاتیان”.
لای خۆشیەوە سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی بەوردی باسی لە هەوڵەكانیان كرد بۆ ڕێكخستنەوەی كاری نۆرینگەكان و سەنتەرەكانی ددان و تاقیگەكان و چارەسەرە گیاییەكان لەگەڵ نەخۆشخانە ئەهلییەكان، لەو چوارچێوەیەشدا كاریان كردووە بۆ دابینكردنی هەلی كار بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی بەشە تەندروستییەكان.