Home » هەواڵ » جێهان » سەرۆک بەرهەم لە وەزیری دەرەوەی یۆنان پێشوازیکرد
بەرهەم ساڵح و وەزیری دەرەوەی یۆنان

سەرۆک بەرهەم لە وەزیری دەرەوەی یۆنان پێشوازیکرد

سەرۆک بەرهەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە نیکۆس دیندیاس وەزیری دەرەوەی یۆنان.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆمار بڵاویکردەوە، لەدیداری سەرۆک بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی یۆناندا، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە هەوڵەکانی عێراق بۆ پتەوکردنی پەیوەندی دوقۆڵی لەگەڵ یۆنان لە سەرجەم بوارەکاندا.

ھاوکات، ئاماژەیکرد بۆ مێژوی قوڵی شارستانییەتی عێراق و یۆنان، باسی لە گرنگی هەماهەنگیش کرد بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاڵنگارییە جیاوازەکان کە روبەروی ناوچەکە و جیهان دەبنەوە لە پێشیانەوە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و پتەوکردنی هاریکاری دیبلۆماسی و ئابوری و رۆشنبیری.

هەر لەو دیدارەدا، سەرۆک بەرهەم باسی له‌ رۆڵی یۆنان کرد لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی ناتۆ لە جەنگی دژ بە تیرۆر و هاریکاری عێراق له‌و جه‌نگه‌دا، ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی تا ئێستا تیرۆر هەڕەشە لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکات، بۆیە پێویستە هاوکاری و هاریکاری زیاتر هەبێ بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و رێگرتن لە هەر دەرفەتێک بۆ سەرهەڵدانەوەی و تێکدانی ئاشتی و ئاسایشی وڵاتان.

سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە لەوەی عێراق گرنگی ئەدات بە پارێزگاریکردن لە سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری ناوخۆیی، راشیگەیاند عێراق رەتی دەکاتەوە ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی کرانەوەی ئابووری نێوان هەردو وڵات و پتەوکردنی کردەوە، ھاوکات ئاماژەیکرد بەوەی قەیرانی سیاسی و ئابوری و بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا وا پێویست دەکات لەسەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەوڵی زیاتر بدەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە هاوکات بایەخەوە باسی لەو پیشوازیکردنەش کرد کە یۆنان لە پەنابەرانی عێراقی دەکات.

لای خۆیەوە نیکۆس دیندیاس سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد و جەختیشیکردەوە لە پابەندبونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە تەواوی بوارە جیاوازەکان و پتەوکردنی هاریکاری دوقۆڵی کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات بەهێز دەکات.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.