شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوە لە، وەزیری دادو وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانن و لەگەڵ لیژنەی دارایی لەکۆبونەوەدان.
پەیامنێری هیوای کورد لە هەولێر رایگەیاند، پێشنیوهڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوە لە، فرسەت ئەحمەد، وەزیری داد، ڤالا فەرید، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد.
لە کۆبونەوەکەدا باس لە پڕۆژە یاسای بەکرێدان و فرۆشتنی موڵک و ماڵی حکومەت دەکەن کە لە 43 ماددە پێکهاتوە، چونکە لیژنەکە حەوتەمین کۆبونەوە دەکات تاوەکو ڕاپۆڕت، لەسەر پڕۆژەیاساکە ئامادە بکات، ئەوەش دوای ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانیان دەدرێتەوە لەلایەن شاندی حکومەت، کە لەپڕۆژەیاساکەدا بەکرێدان و فرۆشتنی هەر موڵک و ماڵێک بە دو لیژنە دەبێت.
هاوکات لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی کوردستان سەردانی خاڵە سنوریەکانی کردوە و ڕاپۆرتی ئامادەکردوە لەبارەی کەم و کورتی خاڵە سنوریەکان و ڕێکخستنەوەیان و و بابەتی قاچاغچیەتی، راپۆرتەکەیان تەواو کردوە ئەمڕۆش ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکەن بۆ ئەوەی پەرلەمان و حکومەت بەیەکەوە رێگا چارە دیاری بکەن بۆ ئەو کێشانە.