Home » هەواڵ » عێراق » عەبادی ڕێككەوتنی شەنگال لەنێوان هەولێر و بەغدا ڕەتدەكاتەوە
حەیدەر عەبادی

عەبادی ڕێككەوتنی شەنگال لەنێوان هەولێر و بەغدا ڕەتدەكاتەوە

حەیدەر عەبادی سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، ڕێككەوتنی شەنگال لەنێوان هەولێر و بەغدا ڕەتدەكاتەوەو بە ناڕوون لە قەڵەمی دەدات و دەڵێت، كێشەی ناوچەكە چارەسەر ناكات.

عەبادی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، وەك هاوپەیمانی نەسر لەئێستادا لەگەڵ سیاسەتی حكومەتی ناوەندا نین بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لەنێویشیاندا ڕێككەوتنی شەنگال و ئەم ڕێككەوتنە ناتوانێت پەیوەندییەكی شەفاف دامەزرێنێت و كێشەكە چارەسەر ناكات.

لێدوانەكەی عەبادی كە لەسەر ماڵپەڕی هاوپەیمانی نەسر بڵاوكراوەتەوە، جەخت لەوە دەكاتەوە عەبادی ناتەبا نییە بەرامبەر كورد، بەڵكو لەگەڵ چارەسەری دەستوورییدایە بۆ مسۆگەركردنی پێكەوە ژیان و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان، دووپاتیشیدەكاتەوە كە ئەو دووژمنی كورد نییە، بەڵكو لەگەڵ خەبات و داوا مێژوویی و ڕاستەقینەكانی گەلی كورد دایە.

عەبادی دووپاتیدەكاتەوە كە پێویستە فەرمانڕەوا ژیرو ڕاستگۆو بێلایەن بێت نەك تەنها بۆ لایەنێك یان حزبێك بێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گەل و دەوڵەت، ئەمەش ئەو كارەیە كە من ئەنجاممداوەو ئەوانی تریش هەوڵیانداوە بیشێوێنن یان مەبەستەكانی بشێوێنن، كێشەی من لەگەڵ هێزە بەرژەوەندیخوازەكان بوو نەك لەگەڵ خەڵك، ویستم خەڵك و دەوڵەت ئازاد بكەم لە تێوەگلانیان لە بەرژەوەندی تەسك.

ڕۆژی (9) ی ئەم مانگە حكومەتی بەغدا ڕێككەوتنی لەگەڵ هەولێر لەسەر پرسی بەڕێوەبردنی ئیدارەی شەنگال ڕاگەیاند.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.