Home » هەواڵ » کوردستانی » لاهور شێخ جەنگی نزیكەی یەك ملیار دینار پێشكەشی نەخۆشخانەی راپەڕین دەکات
لاهور شێخ جەنگی

لاهور شێخ جەنگی نزیكەی یەك ملیار دینار پێشكەشی نەخۆشخانەی راپەڕین دەکات

ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بڕیاریدا بە نزیكەی یەك ملیار دینار هاوكاری پێشكەشی نەخۆشخانەی نەخۆشیە گوازراوەكانی راپەڕین بكات.

تەها محەمەد، وتەبێژی تەندروستی راپەڕین رایگەیاند،”نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشییە گوازراوەكان لە ئیدارەی راپەڕین، كە لەلایەن خێرخوازانەوە دروستكراوە و بڕی نزیكەی یەك ملیار دیناری تێچوە، لەئێستادا بەشێكی زۆر لە كارەكانی تەواو بوە، بەڵام هێشتا هەندێك پێداویستی ماوە، بەتایبەتی تەواوكردنی هۆڵی نەشتەرگەری و هەندێك پێداویستی گرنگی دیكە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێویستی بە بودجە هەیە نەتوانراوە ئەو پێداویستیانە دابینبكرێت”

وتیشی،”ئەمڕۆ بەڕێز لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، سەردانی سنوری راپەڕینی كرد، لە یەكێك لە سەردانەكانیدا هاتە نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا لە سنوری راپەڕین، دوای ئەوەی بە یاوەری بەڕێوەبەری تەندروستی راپەڕین، سەردانی هەمو بەشەكانی كرد، ئەوەبو كەموكوڕییەكان خرانە بەرچاوی هاوسەرۆكی یەكێتی”

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای كۆبونەوەیەك، هاوسەرۆكی یەكێتی بڕیاریدا بە نزیكەی یەك ملیار دینار هاوكاری پێشكەشی نەخۆشخانەكە بكات، بۆ ئەوە كارەكانی تەواو ببێت و بەزوترین كات بەروی هاوڵاتیاندا بكرێـتەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.