Home » هەواڵ » جێهان » لێدانی زەنگی خراپترین دۆخی ئاسایش لە فڕەنسا
شاری نیس

لێدانی زەنگی خراپترین دۆخی ئاسایش لە فڕەنسا

لەوەڵامی هێرشەکانی ئەمڕۆی شاری نیس کە تێیدا ژنێک سەربڕا و ژن و پیاوێکی دیکەش کوژران، سەرۆک وەزیرانی فڕەنسا زەنگی ئاگادارکردنەوەی دۆخی خراپی ئاسایشی بۆ بەرزترین ئاست لێدا.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە، ئێوارەی ئەمڕۆ جین کاستێکس سەرۆک وەزیرانی فڕەنسا زەنگی ئاگادارکردنەوەی دۆخی خراپی ئاسایشی وڵاتەکەی بۆ بەرزترین ئاست لێدا و هاوڵاتیانی لەپێشهاتێکی خراپی ئاسایشی ئاگادارکردەوە.

لەوبارەیەوە، سەرۆک وەزیرانی فڕەنسا رایگەیاند، وەڵاممان بۆ هێرشە تیرۆرستییەکانی ئەمڕۆ توند دەبێت و ئاستی باری خراپی ئاسایشیش لەهەمو فڕەنسا بەرزدەکەینەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پینجشەممە، كەسێك لەرێگەی چەقۆوە لە نزیك كەنیسەی نۆتردام لە شاری نیس لە فرەنسا، هێرشی كردە سەر چەند هاوڵاتییەك، بەگوێرەی زانیارییەكان لەو هێرشەدا سێ كەس كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش برینداركراون.

پۆلیسی فرەنسی راشیگەیاندوە، یەكێك لە كوژراوەكان ژنێك كە سەری بڕدراوە.

لای خۆشیەوە، كریستیان ئاسترۆسی، سەرۆكی شارەوانی نیس رایگەیاندوە، گوماندەكرێت هێرشەكە تیرۆریستی بێت.

راشیگەیاندوە، دوای 10 خولەك لە روداوەكە، هێرشبەرەكە تەقەیلێكراوە و دەسگیركراوە و بەبرینداری گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.