Home » هەواڵ » کوردستانی » مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیامێكی بڵاوكردەوە
لۆگۆى یەکێتی

مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیامێكی بڵاوكردەوە

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بۆ یادی سێ ساڵەی ماڵئاوایی رابەری كۆچكردو مامجەلال، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، كۆچی دوایی سەرۆك مامجەلال، سەرانسەر كوردستان بەهەمو بەشەكانی و گەلانی عێراق و  بگرە تێكرای ئازادیخواز و دیموكراسیخواز و ئاشتیخوازانی دونیای خەمبار و نیگەران كرد.”

دەقی پەیامەكە:

پەیامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یادی سێ ساڵەی ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال

خوشك وبرایانی بەرێز

گەلی تێكۆشەری كوردستان

سێ ساڵ لەمەوبەر و لە پایزێكی وەك ئەمرۆدا، گەلی كوردستان و سەرجەم عیراقییەكان، پرۆسەی دیموكراسی و ئاشتی و پێكەوەژیان لەوڵاتەكەمان ڕابەرێكی هەڵكەوتوو، تێكۆشەر و پێشمەرگەی زیاتر لە نیو سەدە خەباتی ڕزگاریخوازی و دیموكراسیان لە دەست دا ،عیراقی دیموكرات و فیدرالیش یەكەمین سەركۆماری هەڵبژێراوی گەلپەسەندی بەرەو كاروانی جاودیدانی و نەمری بەرێكرد.

لە رێكەوتی (3/10/2017) دڵە گەورە و میهرەبانەكەی سەرۆك مام جەلال ڕابەری شۆڕشی نوێ‌ و سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە وێستگەی چارەسەری و پشوی جەنگاوەرێكی ماندوونەناس، لە لێدانكەوت و بۆ یەكجاری ماڵئاوایی لێكردین.

كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، سەرانسەر كوردستان بەهەموو بەشەكانی و گەلانی عێراق و  بگرە تێكرای ئازادیخواز و دیموكراسیخواز و ئاشتیخوازانی دونیای خەمبار و نیگەران كرد.

سەرۆك مام جەلال لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدە بێوچان ، خەباتی ھەمەلایەنەی كرد بۆ سەڵماندن و بەدیهێنانی مافە ڕەوا نەتەوەیی و دیموكراسیەكانی گەلی كورد و پیادەكردنی بژاردەی دیموكراسی و دادپەروەری و پێكەوە ژیان لە عێراقی فرە پێكهاتەدا.

لە شۆڕش و بزوتنەوەی پێشمەرگایەتیدا ، مام جەلال نموونەی گەورە و باڵای ڕابەری شۆڕشگێر  و وردبین و ورەبەرز و پتەو بوو.  ئەزموونی كەڵەكەبووی مام جەلال لەم كایەدا هەر لە قۆناغی سەختی دەستپێكی شۆڕش تا داستان و نەبەردییەكان بۆ دانوستاندنی سیاسیی  و دیبلۆماسی و دواجاریش بەرەنگاربوونەوەی مەرگەساتەكانی بەسەر گەلەكەمان ھات و گۆڕینی بەرەو رێی ھەڵسانەوە و ڕاپەرینی بەهاری (1991) و قۆناغەكانی كوردستانی رزگار ، ئەزموونێكە ناوازە و دەگمەن. لەھەمووشیانا  خاوەن ئاكار و رەوشتی بەرزی نیشتمانیی و نەتەوەیی بوو، مام بوو.

لە خەباتی دیپلۆماتیدا، وێنەی مام جەلال لە مێژووی كوردایەتی ھاوچەرخ و هەتا خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ناوچەكەشدا  دەگمەنە.پەیوەندییەكانی لە ئاستی میللەتانی رۆژھەڵات و  دونیای عەرەبی و ئاسیا  و رۆژئاوادا، بنەغای پتەوی یٔەو دەستكەوتە دیپلۆماتیانە بوون كە رەوایی  و رەسەنایەتی مەسەلەی كوردی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دووپات دەكردەوە.

گەلانی ستەمدیدەی عێراق

تێكۆشانی سیاسیی و شۆڕشگێری سەرۆك مام جەلال ھەمیشە لەسەر دینگەی پتەوی دیموكراتیزەكردنی وڵات و مسۆگەركردنی ویستە نەتەوەییەكانی گەلی كورد بیناكرابوو بۆیە سەرەنجام ھەر ئەو نەخشە رێگا دیموكراتییە فرەییە سەركەوت كە نەخشە رێگای عێراقێكی دیموكرات و فیدڕاڵیی بوو.

لە دوا وێستگەی ژیانی سیاسییشیدا  سەرۆك مام جەلال لە پێگەی پارێزەری دەستوورەوە لە پێناوی نزیك كردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان  و چەسپاندنی سازان و تەبایی لە نێوانیاندا، هەموو هەولێكی دا و هەمیشە خاڵی كۆكەرەو و ڕاگرتنی هاوسەنگی بوو، هەر بۆیە بە (سەمام ئەمان)ی عێراق ناوزەد كرا.

گەلی كوردستانی سەرتاسەر

نەخشە رێگەی وڵاتێكی دیموكرات و فیدرال كە مافە نەتەوەییەكانی كوردی لە عێراق تێدا مسۆگەر كرا ، بووە نموونەی شایان بۆ سەرتاسەری كوردستانی كە ئیلهامبەخشی بەشەكانی تری كوردستانیش بێت لە خەباتی دیموكراسی و ئاشتیخوازی و مافخوازیاندا. بەمەش ، لە پاڵ پشتیوانی لە مێژینەی لە خەباتی سەرتاسەری گەلەكەمان،  رەهەندی كوردستانیی بەكرداری سەرۆك مام جەلال چاكترو بەرچاوتر درەوشایەوە.

هەڤاڵانی یەكێتی، پێشمەرگە قارەمانەكانی رێبازی یٔاوەدانی مام جەلال، تێكۆشەرانی ژنان و لاوان و بیررۆشنانی رێگای ئازادی بیرورا و رێگای مافی چارەنووس ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێك زیاتر یەكێتیەكەمان، گەلەكەمان و رێبازی دیموكراسی ناوچەكەش،  پێویستی بە حیكمەت و ئەزموون و دونیابینی سەرۆك مام جەلالە، دونیابینییەك كە كەلتورێكی سیاسی و میراتێكی شۆرشگێرانەی دەوڵەمەندە و هەموو لایەك دەتوانن دەرس و وانەی لێ وەر بگرن. بەڵام بۆ یەكێتییەكان ماف و ئەركێكی سەنگینی یەكێتیانە، كوردستانیانەو  دیموكراتیانەیە كە پێوەی پەیوەست بن و لەسەری بڕۆن و بگرە دەوڵەمەنتریشی بكەن.

سەركردایەتی نوێی یەكێتیش لە دوای كۆنگرەی نوێبوونەوەوە وەفاداری یٔەو رێباز و ڕێگا ئاوەدانەیە كە سەرۆك مام جەلال نەخشەی بۆ كێشاوە. بۆیە جێی خۆیەتی لەم یادەدا بەڵێنی یەكێتیانە دووپات بكەینەوە كە فەلسەفەی مام جەلال قبلەنمای خەباتمان بێت،

ڕێ و رێبازی مام  و هەموو شەهیدان و تێكۆشەرانی یەكێتی هەمیشە ئاوەدان ‌و درێژەی دەبێت تا بەدیهێنانی هەموو ئاوات و ئامانجە نەتەوەیی و دیموكراسیەكانی گەلی كوردستان.

سڵاو لە رۆحی پاكی ڕابەر و سەرۆكی مێژووییمان مام جەلال

نەمری بۆ هەموو شەهیدانی یەكێتی و گەلی كوردستان

مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

3/10/2020

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.