نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی مستەفا کازمی و بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بریتانیای بڵاوکردەوە، پەیوەندییەکانی بەغدا- لەندەن، بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، دۆخی سیاسی و ئابوری لە سەرەکیترین تەوەرەکانی کۆبونەوەکەی هەردو سەرۆک وەزیران بون.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، مستەفا کازمی و بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لەندەن کۆبونەوە و هەماهەنگی زیاتری دولایەنە لەبواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، دۆخی سیاسی و ئابوری لەکاتێکدا عێراق بەدۆخێکی قورسی ئابوریدا تێپەڕدەبێت و بەهای نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، گفتوگۆیان لەسەر کراوە.
ئەوەش هاتوە، پرسی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، ئاشتی و سەقامگیری ناوخۆیی و هەرێمایەتی و ژمارەیەک دۆسیەی دیکەش کە جێگەی گرنگی هەردولا بون خراونەتەبەر باس.
رۆژی 18ـی ئەم مانگە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی چوار رۆژە و بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای دیپلۆماسی و ئابوری بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەڕێکەوت، رۆژانی 19 و 20ـی تشرینی یەکەم لەگەڵ سەرۆکی فڕەنسا و راوێژکاری ئەڵمانیا چۆنیەتی بەرەو پێشبردنی هەماهەنگی ئابوری، بازرگانی و سەربازی عێراق و ئەو وڵاتانەی تاوتوێکردوە.