Home » هەواڵ » کوردستانی » نزیكه‌ى پێنج هه‌زار مامۆستا و خوێندكار له‌ هه‌ولێر و سلێمانى توشى كۆرۆنا بون
ڤایرۆسی كۆرۆنا

نزیكه‌ى پێنج هه‌زار مامۆستا و خوێندكار له‌ هه‌ولێر و سلێمانى توشى كۆرۆنا بون

نزیکەى پێنج هه‌زارو مامۆستاو خوێندكار ئه‌وانه‌ى ئێستا له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌وامده‌كه‌ن توشى ڤایرۆسى كۆرۆنا بون، بریكارى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “من به‌شبه‌حاڵی خۆم ڕزگاركردنی گیانی یه‌ك قوتابی‌و یه‌ك مامۆستام زۆر له‌لا گرنگتره‌ له‌وه‌ی كه‌ساڵێكی خوێندن بفه‌وتێت یان نه‌فه‌وتێت”.

د.سه‌یوان عه‌لی بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرایده‌كات، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ له‌ 27/9وه‌ تائێستا به‌پێی ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی له‌به‌رده‌ستماندایه‌ چوار هه‌زارو 391 مامۆستاو خوێندكار ئه‌وانه‌ى ده‌وامده‌كه‌ن له‌سلێمانى‌و هه‌ولێر، توشى ڤایرۆسى كۆرۆنا بون، به‌مزوانه‌ش بۆ ڕاى گشتیی ئاشكراده‌كه‌ن.

ئاماژه‌ به‌مه‌ترسیه‌كانى فه‌وتانى ئه‌مساڵى خوێندن ده‌دات‌و ده‌ڵێت:”بڕیاری ڕاگرتنی پڕۆسه‌ی خوێندن له‌ده‌ست وه‌زاره‌تى ئێمه‌دا نییه‌ وه‌كو په‌روه‌رده‌، به‌ڵكو بڕیاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لیژنه‌ی باڵاى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، به‌ڵام من به‌شبه‌حاڵی خۆم ڕزگاركردنی گیانی یه‌ك قوتابی‌و یه‌ك مامۆستام زۆر له‌لا گرنگتره‌ له‌وه‌ی كه‌ساڵێكی خوێندن بفه‌وتێت یان نه‌فه‌وتێت”.

ڕونیشیكرده‌وه‌، له‌هه‌ولێر نزیكه‌ى هه‌زارو 700 مامۆستاو فه‌رمانبه‌رى په‌روه‌رده‌و هه‌زارو 448 خوێندكار توشى كۆرۆنا بون‌و دوو حاڵه‌تى مردنیش هه‌یه‌ له‌نێو مامۆستایاندا.

سه‌باره‌ت به‌سلێمانیش د.سه‌یوان ئاشكرایكرد، “ئێستا له‌ناوشاری سلێمانی‌و به‌هه‌ردوو ‌په‌روه‌رده‌ی ڕۆژهه‌ڵات‌و ڕۆژئاواو ‌چه‌مچه‌ماڵ‌و پشده‌رو شارباژێرو ڕانیه‌ش، كۆی گشتی توشبوان له‌سنورى سلێمانى ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 800 مامۆستاو خوێندكار”.

له‌باره‌ى جیاوازى ڕێژه‌ى توشبون له‌نێوان هه‌ولێرو سلێمانى، بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، “له‌هه‌ولێر توشبوو زیاتره‌ به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى لاى ئێمه‌یه‌، به‌ڵام به‌بۆچونی من چه‌ند هۆكارێك هه‌یه‌، یه‌كه‌م هه‌موو قوتابخانه‌كان له‌سلێمانی نه‌كراونه‌ته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێتی مامۆستایان بایكۆتی خوێندنی كردوه‌، دوه‌میان له‌به‌رئه‌وه‌ی پشكنینه‌كان كه‌مترن له‌سلێمانی له‌چاو هه‌ولێردا”.

بریكارى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌شى كوردى ده‌نگى ئه‌مریكا ئه‌وه‌شى باسكردوه‌، “ئه‌گه‌ر سه‌یری جیهان بكرێت، خوێندن له‌هه‌موو دونیا به‌رده‌وامه‌، كۆرۆناش به‌جدی گه‌شه‌یكردوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌كوردستان ئه‌و توانا گه‌وره‌یه‌ی كه‌ له‌وڵاتانی تردا هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ر، له‌كوردستان ئه‌و توانایه‌ كه‌متره‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاوبگرین، بڕیاری ڕاگرتنی پرۆسه‌ی خوێندنیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لیژنه‌ی باڵاى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.