Home » هەواڵ » کوردستانی » نێچیرڤان بارزانى ڕاگەیەنراوێكی له‌سه‌ر سوتاندنى باره‌گاى پارتى له‌ به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌
نێچیرڤان بارزانى

نێچیرڤان بارزانى ڕاگەیەنراوێكی له‌سه‌ر سوتاندنى باره‌گاى پارتى له‌ به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوتانی لقی 5ی پارتی لەشاری بەغدا شەرمەزار دەكات و بە كردەوەیەكی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گرووپێكی لەیاسادەرچوو بارەگای لقی پارتی دیموكراتی كوردستانیان لە شاری بەغدا سووتاند و لە كاتی هێرشەكەدا ئاڵای كوردستان و وێنەی سیمبولەكانی كورد سووتێندراون و ئاڵای حەشدی شەعبی هەڵكراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە “ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزار دەكەین و بە كردەوەیەكی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین. هێرش بۆ سەر بارەگای حزبێك كە هێزێكی سەرەكیی ڕووخاندنی دكتاتۆری بووە لە عێراق، هێرشە بۆ سەر مێژووی خەباتی هاوبەشی كورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەكان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیكتاتۆری. هەڕەشەیە بۆ سەر  پێكەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سیاسییە و لەگەڵ بنەماكانی دەستوور و  دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ، ناكۆكە”.

نێچیرڤان بارزانی روونیكردۆتەوە “هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزە چەكدارەكانی عێراق مێژوویەكی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار كرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوكارییەكی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازكردنی هەموو خەڵكی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیكەوتووە”.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختیكردۆتەوە كە نابێ هیچ لێدوان و مشتومڕێك لە هیچ بوارێكدا ئەو هاوبەشییە تازەیەی نەتەوە و پێكهاتەكانی عێراقی تازەدا تێكبدات، دەبێ هەموو لایەك ئەو هاوخەباتییەی ڕابردوو بەكار بێنین بۆ یارمەتیدانی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق لەپێناو هێنانەكایەی بەڕێوەبردنێكی باشتر كە لە خزمەت خەڵكی عێراقدا بێت.

نێچیرڤان بارزانی لەكۆتاییدا داوا لە هەموو لایەك دەكات بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە بكەن و دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراق لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاسایییەكانیان بە شێوەیەكی جددی و خێرا دەست پێبكەن و تێكدەران ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك لایەنگری حەشدی شەعبی، خۆپیشاندانیان لەبەردەم لقی 5ی پارتی لەشاری بەغدا دەستپێكرد و دواتر خۆپیشاندانەكە گرژی تێكەوت و بووەهۆی سوتانی بارەگاكەی پارتی.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.