Home » هەواڵ » کوردستانی » هه‌رێمی کوردستان؛ ئه‌مڕۆ ساڵى نوێى خوێندن ده‌ستپێده‌كات
خوێندنگایەکی هەرێم

هه‌رێمی کوردستان؛ ئه‌مڕۆ ساڵى نوێى خوێندن ده‌ستپێده‌كات

به‌گوێره‌ى بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌، ئه‌مڕۆ ساڵى نوێى خوێندن له‌سه‌رجه‌م قۆناغه‌كان ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام مامۆستایانى ناڕازی رایده‌گه‌یه‌نن، تا كاتێكى نادیار بایكۆتى ده‌وامی ده‌كه‌ن.

پێشتر وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێم له‌راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ڕێکەوتی ۱۰ی تشرینی یه‌كه‌م، دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەم‌و دوەمی بنەڕەتی لەناو پۆلدا، هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یانزه‌ی ئامادەیی. هه‌روه‌ها ئوه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ قۆناغی ۱و ۲ی بنەڕەتی لەگشت قوتابخانە بنەڕەتیەکانی حکومی‌و ناحکومیه‌كان لەناو پۆل بەڕێنمایی خۆپارێزیی‌و بەستنی ماسک‌و دوری دیاریکراوی نێوان قوتابیان  دەوام دەستپێدەکەن‌و قۆناغی سێیەمی بنەڕەتیش تا یانزەی ئامادەیی، بەشێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست بەخوێندن دەکەن لەڕێگای پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی www.ewane.krd  كه‌ قوتابیان ئەو کۆدی بەکارهێنەرو وشەی نهێنییەی کە لەقوتابخانە وەریانگرتووە یان پێیاندەدرێت بەکاریدەهێنن بۆ بینینی وانەکانیان.

هاوكات ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی  داوای له‌سه‌رجه‌م مامۆستایان كرد، كه‌ پابەندی هیچ جۆرە خوێندنێک نەبن و بایکۆتی خوێندنی ئەلکترۆنی و ناو خوێندنگە بکەن ، تا ئەوساتەی دەسەڵاتدارانی هەرێم وەڵامی داواکاری مامۆستایان ده‌داته‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی  رایگه‌یاند “وەزارەتی پەروەردە نایەوێ پرۆسەی پەروەردە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێ، تەنها دەیەوێ لە ڕووی دەزگا ڕاگەیاندنەکان بڵێ دەرگای خوێندنگاکان کراونەتەوە و پرۆسەی خوێندنی ئەلکترۆنیمان هەیە، ئەگەرنا لە شارەکانی هەولێر و دهۆکیش بایکۆتێکی ڕانەگەیەنراو هەیە و زۆربەی قووتابیان و مامۆستایان پابەندی خوێندنی ئەلکترۆنی نابن و پەیڕەوی ناکەن”.

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، پشتیوانی هەڵوێستی ئەو لقانەی یەکێتی مامۆستایان و ئەو بەڕێوەبەرانە دەکات کە بڕیاری بایکۆتیان داوە و ده‌ڵێت “هیوادارین تا وەڵامدانەوەی داوا ڕەواکانی مامۆستایان لە لایەن دەسەڵاتەوە بەردەوام بن”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.