Home » ئابوری » هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دیناری عێراقی
نرخی دۆلار

هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دیناری عێراقی

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دیناری عێراقی لە بازاڕەكانی ناوخۆ، روندەكاتەوە.

ناجی سەعیدی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەر وڵاتێك روبەڕوی قەیران ببێتەوە لە بواری سیاسەتی داراییدا، سیاسەتی دراو و پارەی بەردەستیشی بە هەمانشێوە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی قەیرانەكەوە.

لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیشدا ئاماژەی بەوەكرد، عێراق لەئێستادا بەگوێرەی سیستمی نرخی خەرجكردنی جێگیر كاردەكات، كە سیستمەكە پشتیوانە بۆ بەرهەمی دەرەكی نەك ناوخۆیی.

بەگوێرەی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، گۆڕینی سیستمی خەرجكردنی جێگیر بە سیستمی خەرجكردنی ناجێگیر، بەتایبەتی لەم دۆخەدا كە كەرتی دارایی وڵات جێگیر نییە، بە شێوەیەكی گەورە زیان بە دۆخەكە دەگەیەنێت، چونكە لەكاتێكدا ئەگەر بە یەك یان دو خاڵ لە ناوخۆدا نرخەكە بەرزبێتەوە، لە بازاڕەكانی جیهاندا بە چوار و پێنج هێندە نرخەكە بەرزدەبێتەوە.

راشیگەیاند، پێویستە كار بە بەكارهێنانی رێگەی نوێ لە دەركردنی پارەی نوێ بكرێت لەكاتێكدا حكومەت بەڵگە و سەنەدەكانی لە بانكی ناوەندی قەرزكردوە، بانكیش ئەو بڕە پارەیەی بە یەدەك دایناوە بەكارینەهێناوە، بەڵكو پارە نەختینە نوێ بەرهەمهێنراوەكانی بەكارهێناوە.

رونیشیكردەوە، ئەو كارەی بانكی ناوەندی بوەتە هۆی بەرزبونەوەی دراوی نەختینە لە عێراق، لە 56 ترلیۆن دینارەوە بۆ نزیكەی 80 تریلیۆن و ئەو زیادەیەش دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی رێژەی پارەی نەختینە و بەردەوامبونی ئەو دۆخە داراییەش دەبێتە هۆی زیاتر خەرجكردنی دۆلار لەبری پارەی عێراقی، ئەوەش شتێكی ئاساییە لە سیاسەتی پارە و دراودا.

لە كۆتایی وتەكانیشیدا رایگەیاند، ئەو رێكارانە هاوشێوەیە بەو رێكارانەی رژێمی پێشو كاری پێدەكرد كە پێشێلكاریی یاسای 56ی ساڵی 2004ی  بانكی ناوەندییە بەگوێرەی بەندەكانی 28 و 32ی ئەو یاسایە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.