Home » هەواڵ » کوردستانی » هەڵوێستی گۆڕان لەبارەی فرەبازنەیی هەڵبژاردن
یوسف محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان

هەڵوێستی گۆڕان لەبارەی فرەبازنەیی هەڵبژاردن

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، فرەبازنەیی هەڵبژاردن لە سیستمە دیموکراسییەکاندا، دەبێتە هۆی رەنگدانەوەیەکی زیاتری ئیرادەی دەنگدەر لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەڵام لە وڵاتێکی وەک عێراق بە هەرێمیشەوە کە “گزیکاری گۆڕاوی یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنەکانە”، بچوک کردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن، لە قازانجی هێزی رێکخراوی خاوەن هێزی چەکدار و خاوەن پارەی گەندەڵییە کە بە ئاسانی دەتوانێت دەنگەکانی رێکبخا و براوەی هەڵبژاردن بێت.

یوسف محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە نوسینێکدا بەناونیشانی “کێشەکە گزیکارییە” نوسیویەتی، “خۆپیشاندەرانی عێراق سەرکەوتو بون لە گۆڕینی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەڵبژاردنیش. بەڵام هێزە سەرەکییەکانی براوەی هەڵبژاردنی پڕ گزیکاریی پێشوی عێراق لە 2018، سەرکەوتو بون لە بەلاڕێدا بردنی داواکاریی خۆپیشاندەران و، ئەنجومەنی کۆمسیارانی نوێیان وەک کێک لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ یاسای هەڵبژاردنیش هەمان سیناریۆ دوبارە دەبێتەوە، دوای ئەوەی یاسای هەڵبژاردن (جگە لە بازنەکانی هەڵبژاردن) لە مانگی دوازدەی ساڵی رابردو بە کەموکوڕیی زۆرەوە تێپەڕێنرا، وا ئێستاش هەمان ئەو هێزانە دەیانەوێت بازنەکانی هەڵبژاردن بەو شێوەیەی دڵخوازیانە، تێپەڕێنن.

کێشەی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەرێمیشەوە، کێشەی سیستمی هەڵبژاردن و چۆنیەتیی دیزاینی بازنەکانی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە گزیکاریی بەرفراوان هەیە

یوسف محەمەد باسی لەوەشکردوە، “کێشەی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەرێمیشەوە، کێشەی سیستمی هەڵبژاردن و چۆنیەتیی دیزاینی بازنەکانی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەو گزیکارییە بەرفراوانە هەیە کە بەردەوام لە هەڵبژاردنەکان بە رێگای جیاواز دوبارە دەبێتەوە و دەرەنجامی دەنگی خەڵک دەگۆڕێت، کێشەکە پەیوەندیی بە پارەی سیاسیی گەندەڵ و بونی هێزی چەکداری حیزبی هەیە کە بە هۆیانەوە ناهێڵرێ هاونیشتیمانی دور لە فشار بە ئازادانە دەنگ بدات، هەمو ئەمانە وای کردوە کە بەردەوام ئاستی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان رو لەدابەزینە”.

ئەوەشی خستەڕو، “فرەبازنەیی هەڵبژاردن لە سیستمە دیموکراسییەکاندا، دەبێتە هۆی رەنگدانەوەیەکی زیاتری ئیرادەی دەنگدەر لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەڵام لە وڵاتێکی وەک عێراق بە هەرێمیشەوە کە گزیکاری گۆڕاوی یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنەکانە، بچوک کردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن، لە قازانجی هێزی رێکخراوی خاوەن هێزی چەکدار و خاوەن پارەی گەندەڵییە کە بە ئاسانی ئەتوانێ دەنگەکانی رێکبخا و براوەی هەڵبژاردن بێت”.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەشڵێت، “لەخۆوە نییە ئەو هێزانەی بە هۆی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی رابردوی ئەنجومەنی نوێنەران زۆرترین ژمارەی کورسییان هێناوە و، ئەوانەی تۆمەتبارن بە سوتاندنی کۆگای دەنگەکانی هەڵبژاردنی رابردو لە رەسافە بۆ پەکخستنی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان، ئێستا ئاڵاهەڵگری بچوک کردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردنن”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.