Home » هەواڵ » جێهان » وادەی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە عێراق و سوریا درێژکرایەوە
ژمارەیەک تانکی سوپای تورکیا

وادەی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە عێراق و سوریا درێژکرایەوە

پەرلەمانی تورکیا وادەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە سوریا و عێراق بۆ ماوەی ساڵێک درێژکردەوە. هاوکات جگە لە هەدەپە، هەموو فراکسیۆنە بەشدارەکانی پەرلەمانی تورکیا دەنگیان بە درێژکردنەوەکە دا.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، کە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەزۆرینەی دەنگی هەریەکە لە پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە)، پارتی جوڵانەوەی نیشتیمانی (مەهەپە)، پارتی کۆماری خەڵک (جەهەپە) و پارتێکی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە یاسای درێژکردنەوەی ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیای لە عێراق و سوریا پەسەندکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە زۆرینەی ئەندامەکانی کوردن، دەنگی بە پڕۆژەیاساکە نەداوە.

شایەنی باسە، تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی کردووەتە بیانوو بۆ درێژکردنەوەی ئەم پڕۆژەیاسایە، بەوەی کە گروپێکی چەکدارییە و “خاک و هاوڵاتیانی دەکاتە ئامانج”.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تورکیا جگە لە عێراق و سوریا چەکداری نزیک لە خۆی بۆ لیبیا و بەمدواییانەش بۆ ئازەربایجان ناردووە. لەلایەکی دیکەشەوە، ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دوورگەکانی قوبرس و ئاوی سنوری یۆنان ئەنجامداوە.

بە بڕوای چاودێرانی دۆخی سیاسی رۆژهەلاتی ناوەڕاست، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە هەوڵی فراوانکردنی سنوری فەرمانڕەوایەتی خۆیدایە و بیانووەکانیشی بۆ ناردنی سوپای وڵاتەکەی بۆ دەرەوەی خاکەکەی، تەنیا لەو چوارچێوەیەدایە.

مایکڵ رۆبن، کە توێژەرێکی دیاری ئەمریکییە لە وتارێکیدا لە ماڵپەڕی “زە ناشناڵ ئینترست” دەڵێت، تورکیا هاوشێوەی عێراقی ساڵی ١٩٩٠ی لێهاتووە و ئەردۆغان هاوشێوەی سەدام حسێن مامەڵە دەکات، لەکاتێکدا داڕمانی ئابوورییەکەی دەبینێت، بەڵام رەتیدەکاتەوە ئۆباڵی بەڕێوەبردن و بژاردە هەڵەکانی لەئەستۆبگرێت، ئەمەش وادەکات ئاڵۆزییەکان زیاتر پەرەبستێنن و ببنە هۆی سەرهەڵدانی جەنگی گروپ و وڵاتەکان لەگەڵ تورکیادا.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.