وەزارەتی بەرگری عێراق رەتیكردەوە ئەو دەستە چەكدارییە دەستگیركرابێت كە هێرشی موشەكییان بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەنجامدا.
لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی بەرگری عێراق بە ئاژانسە عێراقییەكانی راگەیاند، ئەو هەواڵانەی لەبارەی دەستگیركردنی بكەرانی هێرشە موشەكییەكە بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەولێر هەیە، نادروستە و تا ئێستا دەستگیرنەكراون.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا لێكۆڵینەوەكان لەوبارەیەوە بەردەوامیی هەیە و فەرمانیش دەركراوە بە راگرتنی فەرماندەی ئەو هێزە سەربازییەی بەرپرسە لەو ناوچەیەی هێرشەكەی لێوە ئەنجامدراوە، دەستبەجێش لێكۆڵینەوەكان دەستیپێكردوە.
شەوی چوارشەممەی رابردو، ژمارەیەك موشەك لە پارێزگای نەینەواوە ئاراستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كران، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبو، دواتر دەركەوت لە ئۆتۆمبێلێكی جۆری كیا-وە موشەكەكان ئاراستەكراون و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا گیرا.