Home » هەواڵ » کوردستانی » وەڵامێكی توندی موراد قەرەیلان دەدرێتەوە
لۆگۆی پارتی

وەڵامێكی توندی موراد قەرەیلان دەدرێتەوە

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی موراد قەرەیلان ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری پەكەكەی دایەوە و رایگەیاند،”پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بوەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان ودامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان”

دوێنێ موراد قەرەیەڵان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند،”دەمانەوێت بۆچونی کاک مەسعود لەسەر جوڵەی هێزەکانی پارتی و شەڕی براکوژیی بزانین”

لە راگەیەندراوێكدا مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی راشیگەیاند،”پەكەكە بە ئاشكرا كەوتوەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەوان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان.”

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان:

جێگەی داخێكی زۆرە كە لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی كوردستانە.

لە دوایین لێدوانەكانیشیاندا نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری و، ئاوەژووكردنی ڕاستییەكان بە ئاشكرا دیارە. ئەم جۆرە ڕەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە ڕاستیدا ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان. ساڵانێكی زۆرە بە سەرانەوەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵك، رێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند و گەڕانەوەی خەڵكی سڤیل بۆ ناوچەكانیان گرتووە. گۆڕەپانی شەڕ و ململانێكانیان گواستووەتەوە ناو هەرێمی كوردستان و رۆژانە هاووڵاتیانی هەرێم باجی مرۆیی و ماددی ئەو رەفتارانه‌ی پەكەكە دەدەن. كارمەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەهید دەكەن و هێشتاش پێیانوایە ئەوان هەڕەشە نین و هەرێمی كوردستان دەپارێزێن!

پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەوان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان.

لە وەڵامی وتەكانیاندا دەڵێین: ئێمە بڕوای تەواومان بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی رەوای گەلی كورد و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە. لێدوان و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە و بۆ رێگەگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخ داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان.

مەحمود محەمەد

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

27ـی ئەیلوولی 2020

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.