Home » هەواڵ » کوردستانی » “پارتی لە باشوری كوردستان بەوەكالەت شەڕی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتی تورك دەكات”
تەڤگەری ئازادی

“پارتی لە باشوری كوردستان بەوەكالەت شەڕی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتی تورك دەكات”

هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان رایدەگەیەنێت،”پارتی خۆی درك بەوەدەكات كە سیاسەتێكی هەڵە و مەترسیدار بەڕێوەدەبات، بۆیە دەیداتە پاڵ دام و دەزگا حكومییەكان” دەشڵێت،”پارتی لە باشوری كوردستان بەوەكالەت شەڕی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتی تورك دەكات”

محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆكی گشتی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگای كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ میدیای فەرمی پەكەكە لەبارەی جوڵاندنی هێزەكانی ئەم دواییەی پارتی لە سنوری پارێزگای دهۆك رایگەیاندوە،”لە جوڵاندنی ئەو هێزانە و ناوەڕۆكی ئەو بەیاننامەیەدا دەردەكەوێت، كە پارتی بۆ هەمیشە وەك مێژوی ڕابردوی لە بازنەی سیاسەتەكانی داگیركەران جموجوڵ دەكات، كە زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە لە چوارچێوەی سیاسەتەكانی دەوڵەتی توركدایە، ئەم ڕوداوانەش دەرخەری ئەوەن كە پارتی لە باشوری كوردستان بەوەكالەت شەڕی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتی تورك دەكات، وەك چۆن توركیا بڕیاریداوە نەهێڵێت لە هیچ كوێیەك ئیرادەی كوردی ئازاد هەبێت و كورد بە ئامانجەكانی بگات، پێدەچێت پارتیش بڕیارێكی وای دابێت.”

محەمەد عەبدوڵا راشیگەیاندوە،”پارتی سیاسەتێكی مەترسیدار بەڕێوەدەبات، لە كاتێكدا خەڵكی چالاكوان، دیموكراتیخواز و شۆڕشگێڕی خۆت بە تیرۆریست بناسێنیت، هەمو ئەوانەی كە لەزیندانەكانی پارتیدان، خەڵكی چالاكوانی سیاسی و مەدەنی و ڕۆژنامەنوسن، كە شەڕی بەرژەوەندییەكانی خەڵك دەكەن، ئەمەش لەكەداركردنی ئەزمون و تێكۆشانی باشوری كوردستانە لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا، لەهەموشی مەترسیدارتر ئەوەیە كە ئەم سیاسەتانە لەژێر ناوی حكومەت دەكات نەك پارتی”.

ئاماژەی بەوەشكردوە،”پارتی خۆی درك بەوەدەكات كە سیاسەتێكی هەڵە و مەترسیدار بەڕێوەدەبات، بۆیە دەیداتە پاڵ دام و دەزگا حكومییەكان یاخود حزبە كوردییەكان، بە ویستی خۆی بڕیار دەردەكات لەسەر ناوی دام و دەزگا حكومییەكان، پەرلەمان و ئەنجومەنی ئاسایش، دەبێت ئەم سیاسەتە بوەستێنرێت، ئەو حزب و لایەنانەش كە بێدەنگن لەبەرامبەر ئەمەدا، ئەو هێزەیان داوە بە پارتی، كە بتوانێت بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ دۆزی كورد بكات”.

هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی دەشڵێت،”ھیچ ھێزێك ھێندەی پارتی دیموكراتی كوردستان، دۆخ و ئەمنیەت و ئاسایش و دەرون و ژیانی ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمەیان تێكنەداوە، ھیچ لایەك ھێندەی ئەم لایەنە ئەزمونی ئەم ھەرێمەی لەكەدار و بێ ئەرزش نەكردوە و سوكایەتی بە بەرھەمی خوێنی ھەزاران شەھید نەكردوە، لەبەرامبەر ئەمەشدا ناڕەزایەتییەكی فراوان هەیە لەناو گەلدا، بەڵام پێویستی بەڕێكخستنەوە و كۆكردنەوە هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی كاریگەر لە ناو گەلدا كە لە ئێستا زۆر گرنگ و پێویستە”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.