Home » ئابوری » کون هی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سامسونگ کۆچی دوایی کرد
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سامسونگ

کون هی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سامسونگ کۆچی دوایی کرد

کۆمپانیای سامسونگ رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشممە لی کون هی بەڕێوەبەری کۆمپانیای سامسونگ، لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

لی کون هی، لە ٩ی کانوونی دووەمی ١٩٤٢دا لە کۆریا لەدایکبووە، لی کون هی سێیەم کوڕی لی بیونگ چولە کە لە ساڵی ١٩٣٨دا کۆمپانیای سامسونگی دامەزراند. لە ساڵی ١٩٦٨ەوە بەشداری کارەکانی کۆمپانیای خێزانەکەی کردووە، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٧دا باوکی کۆچی دوایی دەکات، دەبێتە بەڕێوبەر و کەسی یەکەمی کۆماپانیای سامسونگ، سامانەکەشی بە ٢٠ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.

هاوکات، کۆمپانیای سامسونگ لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە هۆکاری مردنی خاوەنی کۆمپانیاکە نەکردووە.

لی کون هی، لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی سی وەرگرتووە. لە مانگی ئایاری ٢٠١٤دا، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا، لەوکاتەشەوە کوڕەکەی کۆمپانیای سامسونگ بەڕێوەدەبات، کە گەورەترین کۆمپانیایە لە کۆریای باشور.

کۆمپانیای سامسونگ، یەکێکە لە گەورەترین کۆماپانیاکانی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی موبایل لە جیهاندا، لە ساڵی ١٩٣٨دا لەلایەن لی بیونگ چولەوە وەک کۆمپانیایەکی بازرگانی دامەزراند، لە ئێستادا بارەگای سەرەکی لە شارۆچکەی سامسونگی سەر بە سیئۆڵی پایتەختی کۆریای باشوورە، بەهۆی بەرهەمەکانی سامسونگەوە، ئابووری کۆریای باشور بووەتە چوارەم گەورەترین ئابووری لە کیشوەری ئاسیادا.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.