Home » هەواڵ » جێهان » کۆریای باکور چەند موشەکێکی نوێی ئاشکراکرد
چەند موشەکێکی زەبەلاحی بالیستی کۆریای باکور

کۆریای باکور چەند موشەکێکی نوێی ئاشکراکرد

کۆریای باکور لە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداردا، خاوەندارێتی چەند موشەکێکی زەبەلاحی بالیستی ئاشکراکرد کە هەندێک لە شیکەرەوەکان بە “موشەکی کیشوەربڕ” پێناسەیان کردووە.

ئەمڕۆ شەممە، لە رێوڕەسمی سەربازیی کۆریای باکور بە بۆنەی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار، سوپای ئەو وڵاتە چەند موشەکێکی نوێی ئاشکراکرد، کە شیکەرەوەکان بە گەورەترین موشەکە بالیستییەکان ناویان دەبەن و تواناکانیان نەزانراوە.

هاوکات لە رێوڕەسمەکەدا، کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکور وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی لەوەکرد، وڵاتەکەی بەردەوامە لە بەهێزکردنی دەسەڵاتی سەربازیی و وتی “هێزێکی بێ هاوتایان هەیە”.

کیم جۆن ئون راشیگەیاند، هێزی سەربازیی وڵاتەکەی لە ئامادەباشیدایە بۆ روبەڕوبوونەوەی هەموو هەڕەشەکان و جەختیشیکردەوە، کە بەردەوامن لە بەهێزکردن و باشترکردنی توانای سەربازیی کۆریای باکور.

ئاماژەی بەوەشکرد، “پێویستە دوژمنەکانی کۆریای باکور رەچاوی توانای سەربازیی وڵاتەکەمان بکەن، چونکە لە تەکنۆلۆژیای سەربازیدا هەنگاوی باشمان بڕیوە”.

ئەمڕۆ شەممە، ١٠ی تشرینی یەکەم، ٧٥ەمین ساڵیادی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری کۆریای باکورە کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا حوکمی ئەو وڵاتەی کردووە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.