Home » هەواڵ » عێراق » بەغدا ؛گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو
گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران بەغدا و هێزە ئەمنییەکان

بەغدا ؛گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو

ئێوارەی ئەمڕۆ گرژی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانی بەغدا رویدا و بەوتەی هێزە ئەمنییەکان کەسانێک لەناو خۆپیشاندەرانەوە لەرێگەی نارنجۆک (بۆمبی دەستی)ەوە هێرشیانکردوەتەسەر ئەو هێزانەی کەبەبێ چەک بۆ پاراستنی ئاشتی گردبونەوەکان بڵاوەیان پێکراوە، لە ئەنجامدا 32 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان برینداربون.

عەمید یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، هەرچەندە لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە ساڵیادی روداوەکانی تشرین لە بەغدا بەشێوەیەکی ئاشتیخوازنە بەڕێوەدەچێت و هێزە ئەمنییەکانیش بەردەوام بون لەپاراستنیان، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن چەند کەسێک کەلەسەر خۆپیشاندەران هەژماردەکرێن نارنجۆک (بۆمبی دەستی)یان ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکان کردوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەوهۆیەش دو ئەفسەر و 30 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان برینداربون، ئەو گروپە لە خۆپیشاندەران تائێستاش لەرێگەی جۆراوجۆرەوە هێرشدەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان، گرژییەکانیش لەنزیک پردی کۆماری و سنک رویانداوە.

لەشەوی رابردوەوە سەدان خۆپیشاندەر و گەنجی بەشداربوی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردو گەڕاونەتەوە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان و ناڕازین لە ئەنجام و دەستکەوتی “شۆڕشەکەیان” ، کە بوەتە هۆی کوژرانی 600 کەس و برینداربونی هەزاران کەسی دیکە.

25ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 بەمەبەستی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، چارەسەرکردنی بێکاری کە بەگوێرەی هەندێ ئامار گەیشتوەتە 36% و چەند داواکارییەکی دیکە رژانە سەرشەقامەکان، لەماوەی سێ مانگی خۆپیشاندانەکاندا چەندین روبەڕبونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان رویدا و لەئەنجامدا 600 خۆپیشاندەر کوژران و بەهەزاران کەسی دیکەش برینداربون.

بەهۆی بەردەوامی ناڕەزاییەکان و دوای فتوایەکی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، 29ی (تشرینی دوەم/11)ـی ساڵی 2019 عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق دەستیلەکارکێشایەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.