Home » هەواڵ » کوردستانی » یەکێتى و گۆڕان لەبارەى راگەیەنراوەکەى ئەنجومەنى ئاسایش روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە
لۆگۆی یەکێتى و گۆڕان

یەکێتى و گۆڕان لەبارەى راگەیەنراوەکەى ئەنجومەنى ئاسایش روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە

یەکێتی رایدەگەیەنێت هەڵوێست و روونکردنەوەیان لەسەر هەر راگەیەنراوێک دەبێت کە بەناوی دامەزراوەکانی حکومەتەوە بەبێ پرس و راوێژی ئەوان بڵاو بکرێتەوە.

دوێنێ دوو شەممە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردوەو تیایدا دەستگیرکردنی چەند گروپێکی راگەیاند کە گوایە پلانی هێرشکردنیان بۆ سەر چەند شوێن و نوێنەرایەتی و کەسایەتیەکی بیانی داڕشتووە کە یەکێک لەوانە بەپێی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش کەسانی سەر بە پەکەکەن.

لەسەر ئەو راگەیەنراوە تیمی یەکێتی لە ئەنجومەنی ئاسایش روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوەو رایانگەیاند، ئاگاداری دەستگیرکردنی هیچ کەسێک نین کە بەو تۆمەتانە دەستگیرا کرابێت و راویژیان پێ نەکراوە.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی بەرپرس لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە پۆستی باڵای هەیە له‌لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان راگەیاند، لەمەو دوا لەسەر هەر راگەیەنراوێک کە بەناوی دامەزراوەکانی حکومەتەوە دەربچێت و وەک یەکێتی ئاگادار نەبن یان گفتوگۆیان لەگەڵ نەکرابێت ئەوا هەڵوێست و رونکردنەوەی خۆیان دەبێت.

ئەو سەرچاوە بەرپرسە جەختیکردەوە کە وەک یەکێتی ئاگاداری راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش نەبوون و گفتوگۆیان لەگەڵ نەکراوە، بۆیە بەوتەی خۆی حزبەکەی بڕیاریداوە لە داهاتوودا هەڵوێستیان دەبێت ئەگەر بەبێ ئاگاداری ئەوان بەناوی دامەزاراوەکانی حکومەتی هەرێمەوە راگەیەنراوی لەو شێوەیە بڵاوبکرێتەوە.

لەدوای راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش و روونکردنەوەی تیمی یەکێتی لە حکومەت کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوەو تیایدا رەخنەی ئەوە لە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار گیرا کە تائێستا دوو ئیدارەیی بە دامەزراوەکانی هەرێمەوە دیارەو هیچ کامیان ئاگایان لەیەکتر نییە کە راگەیەنراو بڵاودەکەنەوە.

هەر پەیوەست بەم پرسە عەدنان عوسمان سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند” هەموو ئەو هەڵسوکەوتانە تەعبیرە لە دوو ئیدارەیی کە هێشتا ئیدارەیەکى یەکگرتوو نییە هەر جارەو تیمێک لە حکومەت روونکردنەوە دەدات ئەما ماناى وایە حکومەتێکى یەکگرتوو نییە”.

ئاماژەی بەوەشکرد دامەزراوەکان دوو ئیدارەییە و هی دوو حزبە بە گوێرەی تێگەیشتن خۆیان بۆ رووداوەکان بەیاننامە و راگەیەنراو دەردەکەن.

ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم لە پێنج کەس پێکهاتووە و لەئێستادا سێ کەس لەو پێنج کەسە سەر بە یەکێتی نیشتیمانى کوردستانن و دوو کەسیش سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستانن، بەڵام لە ئێستادا پارتى کۆنترۆڵى تەواوى جومگەکانى ئەو دامەزراوەیەى کردوەو یەکێتى هیچ رۆڵێکى بڕیاردانى تێدا نییە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.