وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستی ھەڵەبجە ڕایگەیاند، بەداخەوە ھەردوو نهخۆشخانهی تایبهت بهكۆرۆنا لهپارێزگای ھەڵەبجە پڕبونو توانای وەرگرتنی ھیچ نەخۆشێکی نوێیان نەماوە.
د.شاناز نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستی ھەڵەبجە ڕایگەیاند، “قاوشەکانی کۆرۆنا لەنەخۆشخانەی وەفاو نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لەپارێزگاکە چیدی توانای وەرگرتنی نەخۆشیان نەماوەو باری تەندروستی سەرجەم نەخۆشەکان ناجێگیرەو سەرجەمیشیان لەژێر ئۆکسجینو چاودێری وردی پزیشکیدان”.
وتیشى:”لەئێستادا توانای کەرتی تەندروستی شارەکە سنوردارەو بەھیچ شێوەیەک توانای کردنەوەی قاوشی زیاترمان بەھۆی کێشەی کەمی پزیشکو کارمەندی تەندروستیو پێداویستی پزیشکیو دەرمانو چارەسەریەکان نەماوە”.
شاناز نەقشبەندی پهیامێكى ئاراستهى هاوڵاتیان كردو وتى:”داواکارین لەھاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بنو ڕێکارەکانی خۆپارێزی ئەنجامبدەنو ھاوکارمان بن لەتێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە لەتەندروستی شارەکەمان کە ئەویش بەستنی ماسکو دورکەوتنەوە لەقەرەباڵغی”.
لەبارەی ئامارەکانی توشبوان لەهەڵەبجەش وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە ڕایگەیاند، “لەکۆی گشتی 5729 پشکنین لهسنوری پارێزگای ههڵهبجهی شههید 2529 حاڵەتی توشبون بەڤایرۆسی کۆرۆناو 2301 حاڵەتی چاکبونەوە تۆمارکراوەو بهداخهوه 91 حاڵهتی گیان لهدهستدان ههبوه، ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی مانگی ڕابردودا زیاتر لە50 حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبوە، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر بەرزتر بەبەراورد بەمانگەکانی ڕابردوە”.