کەشناسێکی عێراقی پێشبینی دەکات شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و خۆرئاوای عێراق بگرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما لەم هەفتەیەدا وەک خۆیان دەمێننەوە و وپێشبینی دەکرێت لەهەفتەی داهاتوودا گۆڕانکاری بەرچاویان بە سەردا بێت.
حسێن ئەسەدی، شارەزای عێراقی لەبواری کەشناسی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند :” لەگەڵ یەکەم ڕۆژی مانگی تشرینی دووەم کەش وهەوای عێراق دەچێتە دۆخێکی ناجێگیرەوە، ئەو نزمە پاڵە پەستۆیەی کەئێستا کاریگەری هەیە لەسەر کەشی عێراق ئەمڕۆ دەبێتە هۆکاری درووستبوونی باران لەناوچەکانی خۆرئاوای عێراق و پێشبینی دەکرێت سبەی (دووشەممە) بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد :”پاشەکشەنەکردنی پاڵەپەستۆی بەرزی کەمەری و کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی کە ئێستا بوونی هەیە لەسەر کەشی عێراق پێشبینی ئەوەی لێدەکرێت بارانی بەهەورە بروسکە تاڕۆژی هەینی داهاتوو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و خۆرئاوای عێراق بگرێتەوە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو:”پلەکانی گەرما لەماوەی ئەم هەفتەیەدا لەهەموو عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا و بەتایبەتی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و خورئاوای عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بە خۆیانە وە ببینن”.